لەناوچەی سنە، هەر٤٠ قوتابیی لە پۆلێکدان و لە تەورێزیش هەر قوتابییەک قوتابخانەیەکی هەیە

15:13 - 22 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: ناوچەی نایسەری سنە لەساڵی نوێی خوێندندا لەگەڵ کەمیی قوتابخانە بەرەوڕوو بۆتەوەو بەرپرسی ئیدارەی پەروەردەی ئەو ناوچەیە، ئەو دۆخەی بە قەیراناوی وەسف کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە بەرەبەری ساڵی نوێی خوێندن و کرانەوەی قوتابخانەکاندا، بەرپرسی ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ناوچەی نایسەری سنە وێڕای رەخنە گرتن لە دۆخی قوتابخانەکان، رایگەیاند؛ بۆ ٥٤٠٠ قوتابی تەنیا ٩ قوتابخانە لەو ناوچەیەدا بوونی هەیە.

ئیبراهیم سولێمانی ئەوەشی خستۆتەڕوو، قوتابخانەکان بە شێوەی دوو شیفتی کار دەکەن و لە هەر شیفتێکدا ٥٠٠ هەتا ٥٢٠ کەس لە یەک قوتابخانەدا سەرقاڵی خویندن دەبن.

ئەو بەرپرسە لەگەڵ ئەوەیکە ئاماژەی بەوە کردەوە، بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە، پێویستە ١٢ قوتابخانەی دیکە لە ناوچەی نایسەری سنە دروست بکرێت، گوتووشیەتی؛ ٤٠ قوتابی لە پۆلێکی ١٢ میتریدا وانەیان پێ دەگوترێتەوە.

بەگوتەی بەرپرسی ئیدارەی پەروەردەی قوتابییانی قۆناغی دواناوەندی لە شوینەکانی وەکوو دووشان و قار، نایسەر و ئاساوڵە و گوندەکانی حەسەن‌ئاوا و گرێزەی سنە، لەگەڵ کەمیی شوێنی پەروەردەیی بەرەوڕوو دەبنەوە.

بەپێی ئاماری ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی ئوستانی کوردستان، لە ساڵی نوێی خوێندندا ٢٦٠ هەزار قوتابی لە قوتابخانەکانی ئوستاندا سەرقاڵی خوێندن دەبن.

نەبوونی قوتابخانە و شوێنی پەروەردەیی لە ئوستانی کوردستان لە کاتێکدایە، کەلە ئوستانی تەورێز (ئازەربایجانی رۆژهەڵات)، ٨٦ قوتابخانە بوونی هەیە، کە تەنیا ١٠ قوتابخانە تێیدا وانەیان پێ دەگوترێتەوە.

بەرپرسی ئیدارەی پەروەردەی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژهەڵات رایگەیاندووە، لەو ئوستانەدا ، ٢٣ قوتابخانە بە ١ قوتابییەوە، ٢١ قوتابخانە بە دوو قوتابییەوە، ١٧ قوتابخانە بە سێ قوتابییەوە و ٢٥ قوتابخانەش بە چوار قوتابییەوە لە ساڵی نوێی خوینندا دەکرێنەوە.