لەناوبردنی لێڕەوارەکانی سەردەشت خۆپیشاندانی ژینگەپارێزانی لێکەوتەوە+وێنە

20:18 - 27 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای بەڕین و لەناوبردنی لێڕەوارە سروشتییەکانی دەروبەری شاری سەردەشت لەلایەن کەسانی سەربە بەسیج و سوپای پاسدارانەوە، کۆمەڵێک لە لاوان چالاکانی ژینگەپارێزی خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان پێک هێنا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ ئەمڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٢٧ی خاکەلێوە وەکوو پەرچەکردار و ناڕەزایەتی دەربڕین بە لەناوبردنی لێڕەوارەکانی دەوروبەری شاری سەردەشت لەلایەن کەسانی سەربە سوپای پاسدارانەوە، لەبەر دەم ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی شاری سەردەشت و کەمتەرخەمیی ئەو ئیدارەیە لەمەڕ لەناوبردنی لێڕەوارەکان کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی لەبەر دەم ئەو ئیدارەیە بەڕێوەچوو.

چالاکانی شاری سەردەشت وێرای بەدەستەوە گرتنی لق و پۆی دارە بڕدراوەکان، چوونە بەردەم ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی شاری سەردەشت و داوای کۆتایی هێنان بە لەناوبردنی ژینگە و لێڕەوارەکانی شاری سەردەشتیان کرد.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت رایگەیاند، لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووی هەتاوێیەوە لێڕەوارە سروشتییەكانی دەورووبەری سەردەشت لەژێر ناوی دروست كردنی پرۆژەی بیناسازی لەلایەن كەسانی سەربە سوپای پاسداران و بەسیجەوە لەناو دەبردرێت و هەتا ئێستا زیاتر لە ٢٠ هێکتار لەو لێڕەوارانەیان لەناو بردووە.

چالاکانی شاری سەردەشت رایانگەیاندووە، لەئەگری بەردەوامیی لەناوبردنی ژینگە و لێڕەوارەکانی شاری سەردەشت و بێ هەڵوێستیی ئیدارەی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئەو شارە، لە رۆژانی داهاتوودا بە شێوەیەکی بەرین کۆبوونەوەی نارەزایەتی پێک دێنن.
\"19406.jpg\"

\"19405.jpg\"

\"19407.jpg\"

\"19404.jpg\"

\"19410.jpg\"

\"19411.jpg\"

\"19412.jpg\"

\"19413.jpg\"