لەمەهاباد رێگری لەكردنەوەی پیشانگەیەکی كتێبی كوردی كرا

14:27 - 14 رێبەندان 2713
ئاژانسی كوردپا: بڕیار بوو لە شاری مەهاباد پیشانگەیەكی گەورەی بەرهەمی نووسەرانی كورد بكرێتەوە، بەڵام لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەكانەوە مۆڵەتی كردنەوەی پیشانگەكە نەدراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەنجومەنی فەرهەنگی- فێركاریی ئەدەب لەشاری بۆكان و وەزرارەتی روشنبیری هەرێمی كوردستان، لە کاتێکدا لە هەوڵی ئەوەدا بوون پیشانگایەكی كتێبی كوردی لەشاری مەهاباد بكەنەوە، بەرەوڕووی ئاستەنگ بوونەوە.

نامق هەورامی بە نوێنەرایەتیی وەزارەتی رۆشنبیری هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی فەرهەنگی فێركاریی ئەدەب، بە مەبەستی كردنەوەی پیشانگەكە سەردانی ناوەندە پێوەندیدارەكانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا و شاری مەهابادیان كردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، ناوەندە پێوەندیدارەكان بەبێ‌هۆكارێكی روون و بەرچاو، دژایەتیان لەگەڵ ئەو كارە فەرهەنگییە دەربڕیوە.

هەر لەو پێوەندییەدا چالاكێكی فەرهەنگی كە نەویست ناوی ئاشكرا بكرێت، وتی: \"ئەگەری ئەوە هەیە دژایەتییەی ناوەندە پێوەندیدارەكان لەگەڵ كردنەوەی پیشانگەكە، بوونی سەرجەم كتێبەكان بە زمانی كوردی بووبێت\".

بڕیار بوو كتێبەكان بەرهەمی نووسەرانی كورد و یەک لەوان نووسەرانی هەرێمی كوردستان، شاری بۆكان و مەهاباد بێت.

بە وتەی سەرچاوەكە، پیشانگەكە زیاتر كتێبەكانی بواری مێژووی كورد، جوغرافیای كوردستان و شێعری لەخۆ دەگرت.