لەماوەی کەمتر لە یەک حەوتوودا ٤ هاووڵاتی لە کوردستان کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

15:00 - 19 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: دیاردەی خۆکوژی لە نێو هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بووەتە مۆتەکە و ڕۆژانە شایەتی چەندین هەواڵی پەیوەندیدرا بە خۆکوژی لە نێو هاووڵاتییانی کورد دەبین.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ١٨ی گەلاوێژ، لاوێکی خەڵکی شاری سنە لە شاری بانە بە هۆکارێکی نادیار لە ژوورەکەی خۆیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو لاوە کوردە هەتا ئێستا ناسنامەی ناڕوونە بەڵام بەپێی زانیارییەکان بۆ کار کردن ڕووی لە شاری بانە کردبوو و لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە لە گەڕەگی دەنگ و ڕەنگی شاری بانە هەوڵی خۆکوژی داوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، سەر لە بەیانی ڕۆژی ١٧ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٣ ساڵ خەڵکی شاری سەقز لە یەکێک لە گەڕەکەکانی ئەو شارەدا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

دەوترێ ئەو هاووڵاتییە کوردە بە هۆی کێشەی ماڵییەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەروەها، ڕۆژی ١٤ی گەلاوێژ، کچێکی لاو خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری دێوڵان بە ناوی\" نگین محەممەدی\" بە هۆی کێشەی خێزانییەوە لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوژی داوە.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، ژنێکی تەمەن ٢٠ ساڵ خەڵکی گوندی \"گردی میران\"ـی سەر بە شاری دێوڵان بە هۆکارێکی نادیار گیانی لە دەست دا.

شوناسی ئەو ژنە کوردە \"سومەییە وەیسی\" تەمەن ٢٠ ساڵ ڕاگەیەندراوە.

شەهین محەممەدی لەبارەی هۆکارەکانی زیادبوونی رێژەی خۆکوشتن دەڵێت: جیا لە (یاسا، کولتوور، ئایین، نەریتی بوونی کۆمەڵگە، بێکاری و دەستکورتی و تووش بوون بە ماددە هۆشبەرەکان)، بە سەرنجدان بە زانستی دەروونناسی \"خەمۆکی، هەڵچوون و تووڕەیی\" لە هۆکارەکانی خۆکوژی ئەژمار دەکرێن، بەتایبەتی خەمۆکی لە نێــو ژناندا هۆکاری سەرەکیی خۆکوژی لە قەڵەم ئەدرێت.

ناوبراو ڕاشیگەیاند: کە زیاد بوونی ڕێژەی خۆکوژی گەیشتۆتە ئاستێک کە لە ئێستادا وەک نەخۆشییەکی گشتگیر سەیر دەکرێت، بۆیە بەداخەوە هەواڵی خۆکوشتنەکانیش ئاسایی بوونەتەوە و ئەمەش وای کردووە کە هەوڵێکی جیددی بۆ بنبڕکردنی ئەم کارەساتە لە ئارادا نەبێت.