لەماوەی شەش مانگدا نزیک بە ٧٠٠ کەس لەئێران لەسێدارە دراون

15:38 - 2 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەتازەترین راپۆرتی خۆیدا رایگەیاندووە، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی٢٠١٥دا، ٦٩٤ کەس لەلایەن رێکخراوی زیندانەکان و دەزگا قەزاییەکانەوە حوکمی سێدارەکەیان بەڕێوە چووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەتازەترین راپۆرتی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیدا ئاماژە بە لەسێدارەدانی ٦٩٤ کەس (بەفرانباری ١٣٩٣ ـ پووشپەڕی ١٣٩٤) کراوە و هاوکاتیش ئەو رێکخراوەیە نیگەرانی جیدی خۆی لەچوونە سەری رێژەی ئێعدامەکان دەربڕیوە.

بەپێی ئەو ئامارە رۆژانە بەشێوەی نێوەنجی سێ کەس لەئێران حوکمی سێدارەیان جێبەجێ کراوە.

لەو پێوەندییەدا و بە پێی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٥(بەفرانباری ١٣٩٣ ـ پووشپەڕی ١٣٩٤) ٣٩ هاووڵاتی کوردیش لە زیندانەکانی ئێران بە تاوانی جۆراوجۆر لەسێدارە دراون.

هەر لەو ماوە زەمەنییەدا بێجگە لەو ٣٩ حاڵەتە، چوار زیندانی سیاسیش بە ناوەکانی سابیر موخەلید ماوانە، عەلی و حەبیب ئەفشاری و مەنسوور ئاروەند لەلایەن دەزگاقەزایی و رێکخراوی زیندانەکانەوە حوکمی سێدارەدانیان بەڕێوە چووە.

لەو بارەیەوە \"سەعید بوومەدووحە\" جێگری بەرنامەرێژی رۆژهەڵاتی ناڤین لەرێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی وتوویەتی:\" ماشێنی کوشتاری قەزایی ـ حکوومەتیی لەئێران رەکابەری نیە\".

لەراپۆرتەکەی ئەو رێکخراوە جیهانییەدا هاتووە، ئەگەری ئەوە هەیە، هەتا کۆتایی ساڵی ٢٠١٥، رێژەی لەسێدارەدانەکان هەزاران حاڵەت تێپەڕێنێت.

ئەو رێکخراوە مافی مرۆڤییە باسی لەوەش کردووە، حوکمی لەسێدارەدان لەمانگی رەمەزاندا لەئێران ناشەرعی و قەدەغەیە، بەڵام هەر لەو مانگەدا ٤ کەس بە دارەوە کراون.

پێشتریش ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤی ئێران لەراپۆرتێکدا بڵاوی کردبوویەوە،\" لەساڵی ٢٠١٤دا، ٧٥٣ کەس لەئێران لەسێدارە دراون\".