لەماوەی ١٠ رۆژدا ١٩ هەزار پەنابەری کوردی سووریە گەیشتوونەتە هەرێمی کوردستان + ڤیدیۆ

15:06 - 13 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: بە هاتنی ئەو ١٩ هەزار پەنابەرە رێژەی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان گەیشتە ٥٢ هەزار هاووڵاتیی کوردی سووریە.

محەممەد عەبدوڵڵا بەرێوەبەری فەرمانگەی کۆچبەرانی دهۆک بە ماڵپەڕی\"رووداو\"ی راگەیاندووە: ژومارەی پەنابەرانی کوردی خەڵکی سووریە لە هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە ٥٢ هەزار کەس و لە کۆی ئەو رێژەیە ٢٠ هەزار کەس لەو پەنابەرانە لە کەمپی دومیز لە پارێزگای دهۆک نیشتەجێ کراون.

ئەو بەرپرسە ئاماژه‌ى بەوەشدا ناوی 40 هزار كه‌س له‌ پەنابەرانی کوردی سووریە لە به‌رێوه‌به‌رایەتى كۆچ و كۆچبه‌رانى دهۆك توماركراوە و 12 هزار پەنابەریش به‌بێ توماركردنی ناوەکانیان به‌ شێوه‌یه‌كى نافه‌رمى هاتوونه‌ ناو هه‌رێمى كوردستان.

رێکەوتی ٣ی سەرماوەز بەرێوەبەری فەرمانگەی کۆچبەرانی دهۆک لە وتوێژێکی دیکەدا بە ماڵپەڕی \"شەفەق نیوز\"ی راگەیاندبوو: ژوماره‌ی‌ ئاواره‌کانی خەڵکی سووریە به ‌شێوه‌یه‌كی‌ چاوه‌ڕوان نه‌كراو رووی‌ له ‌زیادبوون كردووه‌، به‌جۆرێك له‌هه‌ر رۆژێكدا هه‌زار ئاواره‌ی خەڵکی ئەو وڵاتە دەگەنە هەرێمی کوردستان هەتا ئەو رێکەوتە ٣٣ هەزار روویان لە هەرێمی کوردستان کردبوو.

لەلایەکی دیکەشەوە بانکی مۆن سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی ئاڵۆزییەکانی سووریەوە رایگەیاندووە کە هەتا ئێستا ژومارەی ئاوارەکانی سووریە گەیشتۆتە ٤٦٠ هەزار کەس و زیاتر لە ٢٠ هەزار کەسیش روویان لە وڵاتانی ئوروپایی کردووە.