لەم حەوتوویەدا، دوو ژنە هاووڵاتیی کورد، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

15:12 - 7 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی ڕەوتی خۆکوژی ژنانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دوو ژنە هاووڵاتیی کورد خەڵکی شارەکانی بۆکان و جوانڕۆ، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەممە، ژنێکی لاو خەڵکی شاری بۆکان بە ناوی \"شەوبۆ بایەزیدپەنا\" خەڵکی گوندی قوڵقوڵە\"ی شاری بۆکان، کۆتایی بە ژیان خۆی هێنا.

ئەو ژنە لاوە بە هۆی کێشەی بنەماڵەییەوە، لە ڕێگای خۆهەڵواسین کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

لە لایەکی دیکەوە هەمان ڕۆژ، ژنێکی تەمەن ٤٤ ساڵ خەڵکی شاری جوانڕۆ بە ناوی \"س. عەزیزی\" لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی ‌هێناوە.

ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردە، پاش دەسدانە خۆکوژی، ڕەوانە نەخۆشخانەی ئەو شارە دەکرێت و پاش کاتژمێرێک گیانی لە دەست دەدات.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، هۆکاری خۆکوژی ئەو ژنە هاووڵاتییە کوردەی بۆ \"خەمۆکی و کێشەی ڕۆحی\" گەڕاندووتەوە.