لەشاری مەهاباد پیشانگایەكی تایبەت بە هونەری گرافیک كرایەوە

14:46 - 28 خەرمانان 2713
ئاژانسی كوردپا: ژمارەیەک لە خوێندكارانی شاری مەهاباد پیشانگایەكی تایبەت بە بەرهەمە گرافیكەكانیان بە رووی ئۆگرانی و لایەنگرانی ئەو هونەرەدا كردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی کوردپا، لەو پیشانگایەدا كە رۆژی چوارشەممە رێكەوتی ٢٧‌ی خەرمانان لەلایەن گرووپی \"كاوان\"‌ـەوە كراوەتەوە، زیاتر لە ٥٠ بەرهەمی تێدا پیشان ئەدرێت.

موژدە میللیی، مینا بەهاری و پەرەستوو وەهابپوور ناوی سێ‌كەس لە ئەندامانی گرووپی \"كاوان\"‌ن و هاوكاتیش لە بەڕێوەبەرانی پیشانگاكەن و ئەو ٥٠ بەرهەمە لە كارەكانی ئەو سێ‌خاتوونەن.

پیشانگاكە \"لۆگۆ، پوستێر، ئارم و كارتی پیرۆزبایی\" لەخۆ گرتووە و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.

چەند رۆژ لەمەوبەریش لەشاری مەهاباد پیشانگەیەكی تایبەت بە هونەری وێنەگری لە ژێر ناوی \"ژیــن\" كرابوویەوە.

لەو پیشانگەیەدا ژیانی دانیشتوانی گوندێكی شاری مەهاباد كە سەرجەمیان تووشی نەخۆشیی \"جوزام\" (گول)‌ی بوون، بە شێوەی وێنە خرابوویە روو.