لەشاری سنە هاوولاتییەکی کورد لەسێدارە درا

15:03 - 16 خەزەڵوەر 2713
ئاژاسنی کوردپا: دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی لە سێدارەدانی هاووڵاتییەکی کوردی لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٤ی خەزەڵوەر هاووڵاتییەک بەناوی \"ئەحمەد سەیف پەناهی\"، کوڕی عەلی لەزیندانی ناوەندیی شاری سنە لەسێدارە درا.

\"16619.jpg\"
ئەحمەد سەیف پەناهی لە تەمەنی ١٦ ساڵی و لە ئەنجامی کێشەیەکدا، بە کوشتنی کەسێک تاوانبار کرابوو.
دەزگای قەزایی حوکوومەتی ئیسلامیی ئێران تاوانی ئەو هاووڵاتییە کوردەی \"قەتل عمد (کوشتنی ئەنقەست)\" راگەیاندووە.

ئەحمەد سەیف پەناهی دانیشتووی شارەکی \"پەردیس\" لە تەمەنی ١٦ ساڵی و لە ئەنجامی کێشەیەکدا، بە کوشتنی کەسێک تاوانبار کرابوو.

لەماوەی ٨ ساڵی رابردوودا بنەماڵەی سەیف پەناهی نەیانتوانیوە رەزایەتی دایکی کەسە کوژراوەکە بۆ لێخۆشبوون لە کوڕەکەیان وەربگرن.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە راپۆرتی ساڵانەی ئەحمەد شەهید، لە مانگی بەفرانباری ساڵی ٩١ی هەتاوییەوە هەتا مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ، سەرجەم ٧٨٦ کەس لە وڵاتی ئێران لەسێدارە دراون.

ناوەندەکانی مافی مرۆڤ بە دەیان جار باسیان لە رەوتی دادگایی کردنی ناعادڵانەی زیندانیانی مەحکووم بە سێدارە کردووە و زۆربەی زیندانیان تەنیا بە تۆمەتێکی ناڕوون بە سێدارە مەحکووم دەبن و تەنانەت لە مافی پارێزەریش بەێبەرین.