لەشاری بانە لاوێکی کورد کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا

14:51 - 31 خاکەلێوه 2715
ئاژانسی کوردپا: لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵەی کوردی ناوچەی بانە کە پێشتریش هەوڵی خۆکۆژی دابوو، بە بڕینی شادەماری دەستی خۆی کوشتووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری کوردپا لەشاری بانە، چەند ڕۆژ لەمەوبەر لاوێک بە ناوی \"قارەمان ڕەزگەیی\" تەمەن ٢٢ ساڵ لە ناو ماڵەکەی خۆیاندا شادەماری دەستی خۆی بڕیوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

قارەمان رەزگەیی پاش ئەوەی شادەماری دەستی بڕیوە بێهۆش بووە و دواتر لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەکەیەوە بردراوەتە نەخۆشخانە و دوای یەک ڕۆژ مانەوەی لەژێر چاودێرییدا بە هۆی خوێنڕێژی لەرادەبەدەرەوە کۆتایی بە ژیانی هاتووە.

هەواڵنێری کوردپا لەزاری کەسانی ئاگادارەوە رایگەیاند، ئەو لاوە کوردە پێشتریش ویستوویەتی لە رێگەی خۆهەڵواسینەوە خۆی بکووژێت بەڵام لەلایەن بنەماڵەکەیەوە رێگری لێکرابوو.

قارەمان رەزگەیی خەڵکی ناوچەی \"نەنۆڕ\"ی شاری بانە بووە و تێڕمێکیشی لە زانکۆ گوزەراندووە و دواتر وازی لە خوێندن هێنابوو، هەروەها باس لەوەش کرابوو کە ئەو لاوە کوردە تووشی خەمۆکی هاتبوو.

بەپێی دوایین لێكۆڵینەوە و توێژینەوەكانی شارەزا لەسەر پرسە كۆمەڵایەتی و دەروونیەكان، لەئێران لەهەر ٢٠ كەسی خەمۆك ١٢ كەسێیان دەست دەدەنە خۆكوژی و لەهەر ٣٠ حاڵەتی خۆكوژی لەنێو خوێندكاران، ٨ حاڵەتی كوڕان و ٢٢ حاڵەتی دیكەشی كچان پێكی دێنن.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا٦ هاووڵاتی کورد لەکوردستانی ئێران کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

لەوڵاتی ئێران رێژەی خۆکوژییەکان رۆژ لەگەڵ رۆژ لەزیاد بوون دایە و دەوترێت رۆژانە بەشێوەی نێوەنجی ١٣ کەس لەرێگەی خۆکوژییەوە کۆتایی بەژیانیان دێت.
کێشەی بنەماڵەیی، ژیانی زۆرە ملێ‌، هەڵسوکەوتی خرابی بنەماڵەکان لەگەڵ منداڵ، نادادپەروەری لەکۆمەڵگەدا، هەژاری و بێکاری لەهۆکارەکانی خۆکوژی لەئێران دێنە ئەژمار.