لەشاری بانە دوو هاووڵاتی بەهۆی گازگرتووییەوە گیانیان لەدەست دا

19:42 - 23 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی تەشەنە کردنی گازی مۆنۆکسیدی کەربۆن دوو هاووڵاتیی خەڵکی مەشهەد لە شاری بانەی سەر بە ئوستانی کوردستان، گیانیان لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لەبەیانی رۆژی رابردوو لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری بانە، دوو لاوی تارانی، کە سەرچاوە خۆجێییەکان بە \"کاسبکار\"یان لە قەڵەم داون، بەهۆی گازگرتووییەوە گیانیان لە دەست داوە.

هەواڵنێری کوردپا شووناسی ئەو دوو هاوڵاتییەی حەمید بەهرامی ٢٣ ساڵ کوڕی ئەمینوڵڵا و حوسێن عەلی‌میرزایی تەمەن ٢٦ ساڵ و کوڕی محەممەد راگەیاندووە.

بەگوتەی دانیشتوانی ئەو گەڕەکە،\" ئەو دوو لاوە کە خەڵکی دەورووبەری شاری ئوستانی مەشهەدن، بە مەبەستی دابین کردنی بژێویی ژیان روویان لە شاری سنووری بانە کردووە و لەو شارە خانوویەکیان بە کرێ گرتووە.

هەنووکە تەرمی ئەو دوو هاوڵاتییە لە ساردخانەی نەخۆشخانەی \"سەلاحەدینی ئەیوبی\"ی شاری بانە راگیراوە.

شاری بانە بەهۆی هاوسنوور بوون لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بۆتە یەکێک لە شارە بازرگانییەکانی کوردستانی ئیران و هاوڵاتییان لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە بە مەبەستی کاسبی کردن و دابینکردنی بژێویی ژیان، روو لە شاری بانە دەکەن.