لەسەر چارەنووسی لاوێکی مەریوانی لە ئیدارەی ئیتلاعات، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە

15:23 - 6 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: لەسەر چارەنووسی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، پاش دوو حەوتوو لە دەسبەسەرکرانی، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەر چارەنووسی هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی \"سەردۆشـ\"ـی شاری مەریوان، بە ناوی \"عەتا فەتاحی\"، کوڕی محەممەد کە بە هۆکاری نادیار لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو، هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم لاوە مەریوانییە پاش دەسبەسەرکرانی بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا و لە چارەنووسی ناوبراو هیچ زانیارییەکی ورد لە بەردەستدا نییە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: بەدواداچوونی بنەماڵەی فەتاحی، بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان هەتا ئێستا بێئاکام بووە.

لە لایەکی دیکەوە، یەکێک لە دانیشتووانی ئەم گوندە، بە ناوی \"دانا پیرۆزی\"، کوڕی عەتا بە هۆی هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکان و لە ترسی دەسبەسەرکردنی، خۆی حەشار داوە.

پاش دیارنەبوونی ئەم هاووڵاتییە کوردە و نەگەڕانەوە بۆ گوندی \"سەردۆش\"، بنەماڵە و نزیکەکانی شیمانەی ئەوە دەکەن، کە لە ئێران هەڵهاتووە.