\"لەسەدا ٢٥ی لاوانی سەڵتی ئیلام، تووشبووی ماددە هۆشبەرەکانن\"

15:55 - 4 سەرماوەز 2714
ئاژانسی کوردپا: زیاتر ٢٥ هەزار کەسی تووشبوو بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئوستانی ئیلامدا هەیەو ئەمەش وەکوو دیاردەیەکی مەترسیداری کۆمەڵایەتی رووی لە پەرە سەندنە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئوستانی ئیلام کە هەتا چەند ساڵ پێش ئێستا ژمارەی تووشبوان بە ماددە هۆشبەرەکان، لە \"قامکەکانی دەست\" تێنەدەپەڕی، لە ئیستادا زیادبوونی ژمارەی تووشبوان بە ماددە هۆشبەرەکان بۆ تە زەنگی مەترسییەک بۆ بنەماڵەکان.

بە گوتەی بەرپرسی شۆرای بەرنگاربوونەوە لەگەل ماددە هۆشبەرەکان لە ئوستانی ئیلام، بە لایەنی کەمەوە ٢٥ هەزار تووشبوو بە ماددەی هۆشبەر لەو ئوستانەدا هەیە، کە پێدەچێ بەرۆکی ماڵی هەموو کەسێک بگرێ\".

رەزا سادقیان رایگەیاندووە، کە زۆرەبی تووشبوان ماددەی بێهۆشکەری تریاک بەکار دێنن و لەو پەیوەندییەدا لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ٨٢٠ کەس دەستبەسەر کراون.

سەرەتای ئەم مانگەش بەهۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبوان بە ماددەی هۆشبەر، کە ئەو ژمارەیە تەنیا لە نیو ژناندا ٥ هەزار کەسی تێپەڕاندووە، بەردی بناغەی کردنەوەی کەمپێکی تایبەت بە وەلانانی ماددەی هۆشبەر داندرا.

سەرەڕای ئەوەیکە ئوستانی ئیلام ١٠٢ هەزار لاوی سەڵتی تێدایە، کە رۆژانە بەرەوڕووی زۆربەی خەسارە کۆمەلایەتیەکان دەبنەوە، ناوەندە حکوومەتییەکان کەمترین ئەرک و رۆڵیان لە کۆنتڕۆڵ کردنی قەیران و خەسارەکاندا لە ئەستۆدا بووە.

بەرپرسی شۆرای بەرنگاربوونەوە لەگەڵ ماددە هۆشبەرەکانلە لێدوانیکی جێگەی تێڕاماندا، \"استکبار و ئیتعمار\"ی وەکوو سەرچاوەی پەرە گرتنی تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئوستانی ئیلام لە قەڵەم داوە، کە بۆ ئەو مەبەستە لە ریگەی فەرهەنگییەوە کاری بۆ دەکەن.

هاوکات ئەنجومەنە خەلکییەکان لە ئوستانی ئیلام کە ژمارەیان نزیک بە ٥٠ ئەنجومەنە، بەهۆی پشتیوانی نەکردنی ناوەندە حکوومەتییەکان، بەرەوڕوو قەیران بوونەتەوە.

تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان، تەڵاق، گیرسانەوە لە قەراغ شارەکان، لەشفرۆشی، گەندەڵیی ئیداری، توندوتیژی و لاوازیی سیستمی پەروەردەیی، کە بە خەساری ٩ رەهەندی ناودێر کراون، قەیرانی بەرین بەربڵاوی لێکەوتۆتەوە.

بەپێی ئامارەکان ئوستانی ئیلام ٥٥٠ هەزار کەس حەشیمەتی هەیە.