لەسێدارەدرانی ٦ زیندانیی کورد لە زیندانەکانی ئێران

21:12 - 28 جۆزەردان 2714
ئاژانسی کوردپا: ١١ زیندانیی کورد و تورکی خەڵکی شارەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا، بە بڕیاری دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، لە لەسێدارە دران.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ٢٧ی جۆزەردان، ١٠ زیندانیی مەحکووم بە سێدارە، لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ حوکمی لەسێدارەدانیان بەڕێوەچوو، کە ٥ کەسیان هاوڵاتیی کورد بوون.

ئیبراهیم دەلایی میلان- خەڵکی ماکۆ، عەبدولوەهاب دلێر - خەڵکی ورمێ، پەرویز نیک خۆی - خەڵکی ورمێ، عەبدولکەریم هیرکۆلی - خەڵکی سەڵماس، فەرامەرز پاشایی - خەڵکی گوندی (ساکا)ی ورمێ ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردەبوون، کە هاورێ لەگەڵ ٥ هاووڵاتیی تورک بەناوەکانی ئارەش ئەحمەدوەش – خەڵکی ورمێ، نەقدعەلی رەجایی - خەڵکی ورمێ، سەعید ورمزیار و حامید ئاقایی، رەشید مورادی - خەڵكی نەغەدە، لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لەسێدارە دراون.

دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تۆمەتی ئەو ١٠ کەسەی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان راگەیەندووە، کە هەرکامیان ماوەی زیاتر لە ٥ ساڵ بوو، لە زیندانی شاری ورمێ لە دەستبەسەریدا بوون.

لەلایەکی دیکەوە، سەرلە بەیانیی ئەمـڕۆ چوارشەممە رێکەوتی ٢٨ی جۆزەردان، هاووڵاتییەکەی کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، لە زیندانی ناوەندیی یەزد لەسێدارە درا.

ناوی ئەو هاووڵاتییە کوردە رەحمان کوڕی عەلی و خەڵکی گەڕەکی پشت تەپ(بەری مەدرەسە)ی شاری مەهاباد راگەیەندراوە، کە بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان، لەلایەن دەزگای قەزایی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بڕابوویەوە.

بەپێی ئامارەکان، لە سەرەتای هاتنە سەرکاری حەسەن رۆحانییەوە، (رێکەوتی ١٢ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوییەوە هەتا کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردان)، نزیک بە ٨٠٠ کەس لە زیندانەکانی وڵاتی ئێراندا لەسێدارە دراون.

لە ناوەڕاستی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵداو دوابەدوای لەسێدارەدانی غوڵامڕەزا خوسرەوی زیندایی سیاسیی خەڵکی شاری ئابادان، لە زیندانی رەجایی شاری کەرەج، ئەحمەد شەهید رێپۆرتێری تایبەتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مافی مرۆڤ لەئێران، هاورێ لەگەڵ ژمارەیەک کارناسیی تایبەت بە مافی مرۆڤی ئەو رێکخراوە، وێڕای دەربڕینی ناڕەزایەتی بە حوکمی لەسێدارەدانی هاووڵاتییان، داوای کۆتایی هێنانی سزای لەسێدارەدانیان لە وڵاتی ئێراندا کردبوو.

کریستۆف هاینز، کارناسی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بواری \"لەسێدارەدانی بان‌یاسایی، لەناکاو و سەرەڕۆیانە\" رایگەیاندبوو: سزای لەسێدارەدان شێوەیەکی توندی سزادانە و ئەگەریش ئەو سزایە کەڵکی لێ وەربگیرێت، تەنیا بۆ هێندیک تاوانی گەورە و پاش بەڕێوەچوونی رەوتی دادگاییەکی عادڵانە و لەسەر بنەمای یاسا نێونەتەوەییەکان، ئەنجام بدرێت.