لەسێدارەدانەکان پاش ڕاگیرانێکی کاتی دەستی پێکردەوە

15:35 - 24 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: دوای نزیک بە ٥٠ ڕۆژ لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی ڕەشەمە، ئیعدامی ‌هاووڵاتییانی ئێرانی لە گرتووخانەکانی حکوومتی ئیسلامی دەستی پێ‏کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ئێوارەی ڕۆژی ڕابردووەوە نزیک بە ١٠ زیندانی لە گرتووخانەی ڕەجایی شار گوازراونەتەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و ئەگەری لەسێدارەدانیان لەئارادایە.

ئەو ڕێژە لە زیندانییان کە هەندێ سەرچاوە بە ١٢ کەسیان نووسیوە، تۆمەتی \"قتل و قصاص\"یان لەسەرە و شیمانە دەکرێت کە حوکمەکەیان سەرلەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ڕەوتی ئیعدامەکان لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکانی ٧ی ڕەشەمەی ٩٤ بە هەندێ هۆکار و تێبینیی دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ڕاگیرابوو بە چەشنێک کە لە ناوەڕاستی بەفرانباری ڕابردووەوە، حوکمی لەسێدارەدان لە گرتووخانەی ڕەجایی شار بەڕێوە نەچووە.

هەرلەم پێوەندییەدا، سەرەتای ئەو حەتوویە ٥ کەس لە گرتووخانەی ناوەندیی شاری ڕەشت لە پارێزگای گیلان لەسێدارە دران.

هەروەها ڕۆژی ٢٣ی مانگی خاکەلێوە، هاووڵاتییەکی تورکی ئازەری لە گرتووخانەی تەورێز بە تاوانی \"زێنا\" ئێعدام کراوە.

بەوتەی چالاکانی مافی مرۆڤ، لەکاتی هەر ڕووداوێکی گرینگ لەنێوخۆی ئێران کە سەرنجی کۆمەڵگای جیهانی بۆلای ئەو وڵاتە ڕادەکێشرێت، ڕەوتی لەسێدارەدانەکان ڕوو لە داکشان دەنێ و هەڵبژاردنی ڕەشەمەش بە هۆی هەلومەرجی دوای بەرجام و ململانێی بلووکی دەسەڵات، تەوەری سەرەکیی ڕووماڵی ڕاگەینەکان بوون.

لەنێوەڕاستی حەوتووی ڕابردوودا، ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ڕێژەی لەسێدارەدراوەکانی ئەوساڵی ئێرانی لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا \"بێ وێنە\" لەقەڵەم دا و ڕایگەیاند: لە ساڵی ٢٠١٥دا، حکوومەتی ئێران ٩٧٧ کەسی ئێعدام کردووە.

سکرتێری ئەو ڕێکخراوە ناحکوومیە، ڕەوتی دادگایی ئەو کەسانەی بە \"زۆر نادادپەروەرانە\" لەقەڵەم دا و بە \"کوشتوبڕ\"ی ناو برد.