لەسێدارەدانی سێ زیندانی لە زیندانی ناوەندیی سنە

17:52 - 6 گەلاوێژ 2722

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ی گەلاوێژ، حوکمی ئێعدامی دوو زیندانی بە ناوەکانی "هیوا ئەحمەدی" خەڵکی گوندی "بێساران" و "پەیام یەزدانی" خەڵکی گوندی "کەکڵیاوا"ی سەر بە سەوڵاوا، لە زیندانی ناوەندیی سنە، جێبەجێ کرا.

ئەو دوو زیندانییە پێشتر لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا، بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" لەلایەن دەزگای قەزاییەوە بە لەسێدارەدان مەحکووم، کرابوون.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی چوارشەممە ٥ی گەلاوێژ، حوکمی لەسێدارەدانی "عەبدوڵڵا ڕەحیمی" خەڵکی دێولان، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست" بە قیساس مەحکووم کرابوو، لە زیندانی سنە، جێبەجێ کرا.

ئەو سێ زیندانییە ڕۆژی سێشەممە ٤ی گەلاوێژ، بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەیان، ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنە، کرابوون.

هەتا ئێستا هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو سێ زیندانییە لەلایەن میدیاکان یان سەرچاوە فەرمییە نێوخۆییەکانی ئێرانەوە، ڕانەگەیەندراوە.