لەسێدارە درانی ژنێکی کورد لە زیندانی ناوەندیی ورمێ

15:25 - 5 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی خەڵکی شاری ورمێ کە ساڵی رابردووش کوڕەکەی لە سێدارە درابوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە درا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرلەبەیانی رۆژی شەممە ژنێک بەناوی \"حازێ دەروێش‌زادە\" ی خەڵکی گوندی \"کەڵانکان\"ی سەربە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ بە تاوانی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەزیندانی ناوەندیی ئەو شارە حوکمی سێدارەکەی بەڕێوە چوو.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، تەرمی \"حازێ دەروێش‌زادە کەڵانکانی\" سەرلە بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە رێکەوتی ٥ی خەزەڵوەر رادەستی بنەماڵەکەی کراوەتەوە.

\"حازێ دەروێش زادە \" کە هاوڕێ لەگەڵ کوڕ و کچەکەی دەستبەسەر کرابوون، لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری \"ورمێ\"ـەوە بەتاوانی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان بە سێدارە مەحکووم کران.

دەگوترێ کە ساڵی رابردووش کوڕی ئەو ژنە بە تاوانی بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەزیندانی ناوەندیی شاری ورمێ لە سێدارە دراوە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، ماوەیەک پێش ئێستا کچی ئەو ژنە بەهۆی فشاری دەروونییەوە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ تووشی راوەستان دڵ بووە و لەئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی ئاماری تۆمار کراو لەناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەسەرەتای وەرزی پایزی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا ٩ ژن لە زیندانەکانی ئێران لەسێدارە دراون کە ٥ کەسیان کورد بوون.

رێکەوتی ٣ی رەزبەر سێ ژنی کورد لەزیندانی ناوەندیی ورمێ و هەروەها چەند رۆژ پێش ئێستاش ژنێکی دیکەی کورد بەناوی \"نەستەرەن سەفەری\" لە زیندانی دیزڵ ئابادی کرماشان لەسێدارە درا.