لەسێدارە درانی هاووڵاتییەکی کورد سەرەڕای هەبوونی کێشەی دەروونی

13:30 - 12 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد پاش ١٠ ساڵ دەستبەسەری، لەلایەن رێکخراوی زیندانەکانی ئێرانەوە، لە زیندانی ناوەندیی شاری سنە لەسێدارە درا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ زیندانییەکی کورد بەناوی \"حوسێن محەممەدی\" تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی گوندی \"ژان\"ی سەربە شاری سەوڵاوا، پاش ١٠ ساڵ راگیران لە زیندان، حوکمی سێدارەی ناوبراو جێبەجێ کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە لە زیندان تووشی کێشەی دەروونی هاتبوو، کە سەرەڕای هەبوونی چەندین پەروەندەی پزیشکی، سەرئەنجام رۆژی چوارشەممەی حەفتەی رابردوو (٨ی رەشەمە) لە زیندانی شاری سنە حوکمی لەسێدارەدانی بەڕێوەچووە.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ لەسێدارەدانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، دۆخی ترس و نیگەرانیی لە نێو زیندانی شاری سنەدا دروست کردووە و ئەمەش دڵەڕواکێی لای زیندانیانی ئەو زیندانەی پێکهێناوە.

هەتا ئێستا لەمەڕ تاوانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.