لەسیستان و بەلووچێستان زیاتر لە ١٠ کەس لەهێزە نیزامییەکان کوژران

16:25 - 22 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: رێکخراوی \"جەیشوالعدل\" لەبەیاننامەیەکدا کوژرانی زیاتر لە ١٠ کەس لە هێزەکانی هەنگی مەرزی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە ناوچەی سنووری ئوستانی سیستان و بەلوچستان لە باشووری رۆژهەڵاتی ئێرانی راگەیاندووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی شەممە ٢٠ی پووشپەڕ، لەهێرش و تێکهەڵچوونێکدا لەناوچەی\" میرجاوە\" لە سنووری پاکستان و ئێران زیاتر لە ١٠ کەس لە هءزەکانی هەنگی مەرزی کوژران.

فەرماندەی گشتی سنوورڤانی سەر بە هێزە ئینتزامییەکانی ئێران لەو بارەیەوە رایگەیاند: شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان پاسەوانانی سنوور و رێکخراوی جەیشولعەدل دروست بووە و لەو شەڕەدا ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەو رێکخراوە کوژرا و بریندار بوون

قاسم رەزایی باسی لە دەستبەسەرکردنی ٣ کەسی سەر بە گرووپی جەیشولعەدل کردووە.

ئەو وتانەی قاسم رەزایی لەکاتێکدایە کە رێکخراوی جەیشولعەدل لەبەیاننامەیەکدا بەرپرسیاریەتی ئەو شەڕەیان وەئەستۆ گرتووە و باسیان لەکوژرانی زیاتر لە ١٠ کەس لە هێزە حکوومەتییەکان کردووە.

لە بەیاننامەی ئەو رێکخراوەیەدا هاتووە: ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونە دوو کاتژمێری خایاندووە و هێزەکانی حکوومەتی تووشی زەرەرو و زیانێکی زۆر بوون و زیاتر لە ١٠ کەسیان لێ کووژراوە.

ئەمە لەحاڵێکدا هەواڵدەرییەکانی ئێران تەنیا باسیان کوژرانی ئەفسەرێکی پایەبەرزی نیزامی کردبوو.

ئەو رێکخراوەیە باسی لەوەش کردووە کە زانیاری کامڵی شەڕەکە لە بەیاننامەیەکی دیکەدا بڵا دەکاتەوە.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گرووپی جەیشولعەدل کە خۆیان بە داکۆکیکاری مافی خەڵکی سیستان و بەلوچستان دەزانن بە \" تیرۆریست\" ناوزەد دەکات و ئەمەش لەحاڵێکدایە کە ئەو گرووپە تیرۆریست بوونی خۆیان رەت دەکەنەوە.