لەسنە بە کورتەنامە هەوڵی چاوترسێن کردنی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی دەدرێت

16:13 - 30 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ماوەیەکە لەشاری سنە لەپارێزگای کوردستان و بەتایبەتی لەیەک حەفتەی رابردوودا ئیدارەی ئیتلاعات کورتەنامەی بۆ بەشێکی بەرچاو لەبنەماڵەی چالاکانی سیاسی کورد بەرێ کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی رابردوودا کۆمەڵێک کورتەنامە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە بە ناوەڕۆکی \"هەڕەشە ئامێز\"ـەوە بۆ ئەو بنەماڵانەی کە کەسێکی نزیکیان لەدەرەوەی ئێرانە بەرێ کراوە و داوایان لێکردوون کە رۆڵەکانیان بگەڕێننەوە.

لەو بارەیەوە یەکێک لەو بنەماڵانەی کە کورتەنامەی بۆ نێردراوە بە هەواڵنێری کوردپای وتووە،\" ئێمە زیاتر لە ٢٠ ساڵە کە کوڕەکەمان لەناو حیزبە سیاسییەکاندا نەماوە و لە ئورووپا ژیان بەسەر دەبات\".

کەسێکی نزیکی ئەو بنەماڵەیە ئەوەشی خستەڕوو، ئێمە بە ناوەندە ئەمنیەتییەکانمان وتووە کە کوڕەکەمان لەناو هیچ حیزبێکی سیاسی و چەکداردا نیە و بەرپرسانی ئەو ناوەندانە بێ ئاگایی خۆیان لەو بارەیەوە دەربڕیوە.

هەر لەو پیوەندییەدا سەرچاوەیەکی دیکە بە ئاژانسی کوردپای وت: ناوەندە ئەمنیەتییەکانی شاری سنە ئاگاداری مانەوە و یان روێشتنی خەڵکی لەناو حیزبە سیاسییەکاندا نین و لەو ماوەیەدا چەندین کوردتە نامە بۆ خەڵک ڕەوانە کراوە و تێدا باسیان لەوە کردووە کە نابێ رێگە بدەن کورەکانتان لە ناو ئە حیزبانەدا بێت.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکراسی کرد. ئیدارەی ئیتلاعات لەچەندین حاڵەتدا بە کورتەنامەش نەوەستاوە و راستەوخۆ تەلەفوونی بۆ بنەماڵەکان کردووە.

بەشێک لە بنەماڵەکان لەسەر ئەوە کۆک بوون کە ناوەڕۆکی پەیامەکان هەڕەشە ئامێز بوون و لەسەرجەمیاندا داوا کراوە کە منداڵەکانیان لەناو حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بکشێنەوە.

لەلایەکی دیکەوە هەواڵنێری کوردپا ناوی چەندین بنەماڵەی پێشمەرگەی ئاشکرا کردووە کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە هەڕەشەیان لێکراوە و کورتەنامەیان بۆ ڕەوانە کراوە بەڵام ئاژانسی کوردپا خۆی لە بڵاو کردنەوەی ناوەکانیان دەبوێرێ.

بەشێک لەبنەماڵەکان باوەڕیان وایە کە ئەو کارەی ئیدارەی ئیتلاعات تەنیا بۆ چاوترسێن کردنی بنەماڵەی چالاکانی سیاسییە.

پێشتریش ئیجلال قەوامی چالاکی مافی مرۆڤی کورد بە ئاژانسی کوردپای راگەیاندبوو: ماوەیەکە کۆمەڵێک کورتەنامە بۆ چالاکانی مافی مرۆڤ، مەدەنی و ژمارەیەک کەسایەتیی دیار دەنێردرێ و زیاتر کورتەنامەکەیان روویان لە یەک، یان دوو کەسایەتیی بوارێکی تایبەتە.

قەوامی ئەوەشی خستبوویەڕوو مەبەستی ئەو کورتەنامانە هەوڵدانە بۆ رووخاندنی کەسایەتییەکان.

ئەو چالاکە کوردە باسی لەوە کرد، ئەو کورتەنامانە هەتا ئێستا بە دیاریکراوی بۆ چەندین کەس نێردراوە کەلە بوارەکانی مافی مرۆڤ، رۆژنامەوانی و پرسە سیاسی و مەدەنییەکاندا چالاکن و سەرچاوەی کورتەنامەکانیش نادیارە.