لەزیندانی ورمێ‌٧ هاووڵاتیی كورد لەسێدارە دران

14:50 - 9 بەفرانبار 2714
ئاژانسی كوردپا: سەر لە بەیانی رۆژی دووشەممە لە زیندانی ورمێ‌٧ كەس بە تاوانی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەكان حوكمی سێدارەیان جێبەجێ‌كراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، ئەو ٧ هاووڵاتیەی كوردە خەڵكی شارەكانی كرماشان، سنە و شیراز بوون.

هەتا بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە، شوناسی ورد و دروستی ئێعدامكراوەكان بۆ ئاژانسی كوردپا روون نەبۆتەوە.

بەپشت بەستن بە حەوتەمین راپۆرتی ئەحمەد شەهید لەمەڕ پێشێڵكاریی مافی مرۆڤ لە لایەن ناوەند و رێكخراوە حكوومەتییەكانەوە لە مانگی ( ژونی ٢٠١٣ هەتا ژونی ٢٠١٤)، لانی كەم ٨٥٢ كەس بە تاوانی جۆراوجۆر لە حكوومەتی ئیسلامیی ئێراندا لەسێدارە دراون كە تەمەنی ٨ كەسێان لە خوار ١٨ ساڵ بووە.

دەوترێ‌كە لە سەرجەم زیندانەكانی ئێران رۆژانە ژمارەیەك هاووڵاتیی كە بە تاوانی كڕین و فرۆشی مادە سڕكەرەكان، قەتڵ و دەستدرێژی بە سێدارە مەحكووم كراون، حوكمەكەیان جێبەجێ‌دەكرێت.

بەپێی ئەو هەواڵانەی كە لە هەواڵدەرییە حكوومەتییەكان بڵاو بوونەتەوە، ئێعدامكراوەكان زۆربەیان تاوانیان بازرگانی بە مادە هۆشبەرەكان بووە.

بەشێك لەو حوكمانە لە بەرچاوی گشتیی و شوێنە گشتییەكان جێبەجێ‌كراوە.

ژمارەیەك لەچالاكانی مافی مرۆڤ لەو باوەڕەدان ئەو كەسانەی كە لەئێران لەسێدارە دەدرێن تەنیا كەسانی تاوانبار بە مادە سڕكەرەكان نین، بەڵكوو ژمارەیەك لەو ئێعدامكراوانە لەو كەسانەن كە بە تاوانی عەقیدەتی لەسێدارە دراون.