لەرۆژی ٨‌ی مارسدا ژنە چالاکێکی کورد لەشاری سنە دەستبەسەر کرا

15:03 - 17 رەشەمه 2713
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی رەوتی بانگهێشت و دەستبەسەر کرانی چالاکانی ژن لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، یەکێک لەئەندامانی \"کەمپەینی پشتیوانی لەژنانی بێ‌سەرپەرەست و ئازار دیتوو\" لەو شارە دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە رێکەوتی ‌١٧‌ی رەشەمە ( ٨‌ی مارس رۆژی جیهانی ژنان)، مریەم ناسری چالاکی بواری مافەکانی ژنان و یەکێک لەئەندامانی کەمپەینی پشتیوانی لەژنانی بێ سەرپەرەست و ئازار دیتوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەیدا دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزرا.

هەتا بڵاو بوونەوەی ئەو هەواڵە لەهۆکاری دەستبەسەرکردن و شوێنی راگیرانی مریەم ناسری، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا گەیشتوون، پێشتریش لەرێکەوتی ٢٩ رێبەندانی ئەمساڵدا یەکێکی دیکە لە ئەندامانی ئەو کەمپەینە بە ناوی \"رۆزیتا ئەحمەدی\" دەستبەسەر کرابوو.

لەلایەکی دیکەوە و لەدرێژەی فشار بۆ سەر ئەندامانی کەمپەینی پشتیوانی لەژنانی بێ سەرپەرەست و ئازار دیتوو، دوو خوشک بە ناوەکانی \"شەهلا و سومەیە ئەڵڵاوەیسی\" خەڵکی شاری سنە، کە هەڕەشەی دەستبەسەرکردنیان لێ‌کرابوو، ماوەی چەند رۆژە چارەنووسیان ناڕوونە.

هەروەها دووشەممە رێکەوتی ١٢ی رەشەمە، سیمین چایچی ژنە شاعیری کوردی خەڵکی شاری سنە لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی هێزی ئینتزامیی شاری سنەوە بانگهێشت و لەمەڕ بەڕێوەبردنی هەر جۆرە رێوڕەسمێک سەبارەت بە رۆژی ٨ی مارس هەڕەشەی لێکرابوو.

ئەمرۆ شەممە، رێکەوتی ١٧ی رەشەمە بەرامبەر بە رۆژی ٨ی مارس (رۆژی جیهانیی ژن) شاری سنە بە هێزێکی زۆری ئیتلاعاتی و لیباس شەخسی بە تەواوەتی ئەمنییەتی کراوە.

رۆژی جیهانی ژن لەوڵاتانی دیکە بەپشتیوانی حکوومەتەکانیان لەحاڵێکدا بەڕێوە دەچێت، کەلە وڵاتی ئێران نە تەنیا ئەو رۆژە لەلایەن دەوڵەتەوە بەفەرمیی نەناسراوە، بەڵکوو بەشێک لەچالاکانی مافەکانی ژنان دەستبەسەر و فشارییان خراوەتە سەر و ژمارەیەکی دیکەش پەرتەوازەی هەندەران بوونە.

لەرۆژژمێری حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا رۆژی ١١‌ی بانەمەڕ (٢٠‌ی جمادی الثانی) وەکوو رۆژی دایک و ژن دیاری کراوە.