لەتاران سیمینارێکی حقووقی لەسەر قوتابیانی شیناوێ بەڕێوە چوو

15:09 - 2 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: زانستگەی ماف و زانستی سیاسی سەر بە زانکۆی تەباتەبایی تاران میواندارییەتی ژمارەیەک مافناس و پارێزەری کردووە و رووداوی قوتابخانەی شیناوێ لەلایەنی یاساییەوە تێیدا هاتۆتە بەر باس.

لەو سیمینارەدا ئەندامی لێژنەی زانستی زانکۆی ئازادی ئیسلامی تاران، ئەندامی لێژنەی زانستی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی، هەروەها پارێزەری قوتابیان و ژمارەیەک لە خودی قوربانیانی رووداوی قوتابخانەی شیناوێ بەشدار بوون.

حوسێن ئەحمەدی نیاز پارێزەری قوتابیانی شیناوێ لەو سیمینارەدا باسی لەوە کردووە، پێویستە سەرکۆمار بە پشت بەستن بە مادەی ١٢٧ی یاسای بنەڕەتی ئێران، بەدواداچوون بۆ کارەساتی قوتابخانەی شیناوێ کە تێیدا زیاتر لە ٣٠ قوتابیی کچ بوونە قوربانی بکات.

لەو بارەیەوە هەواڵدەریی ئیسنا بڵاوی کردووەتەوە، ئەحمەدی نیاز وتوویەتی: هەر بە پێی ئەو مادەیەی یاسای بنەڕەتی، دەبێ ئەو کەسانەی کەمتر خەم بوون سزای یاسایی خۆیان وەربگرن.

\"26144.jpg\"
حوسین ئەحمەدی نیاز: پێویستە سەرکۆمار بە پشت بەستن بە مادەی ١٢٧ی یاسای بنەڕەتی ئێران، بەدواداچوون بۆ کارەساتی قوتابخانەی شیناوێ کە تێیدا زیاتر لە ٣٠ قوتابیی کچ بوونە قوربانی، بکات
ئەو پارێزەرە ئاشکراشی کردووە سەرجەم ئەو قوتابیانە کە دوو کەسیشیان گیانیان لەدەست دا بەشێوەیەک تووشی سووتان هاتوون کە زۆر ئەستەمە بتوانن ژیان پێک بێنن و پێویستە دەوڵەت و ناوەندە پێوەندیدارەکان لەو بوارەوە کەمتەر خەم نەبن و دیەی تەواوی قوتابیان بدەن.
حوسین ئەحمەدی نیاز باسی لەوەش کردووە، لەحاڵی حازردا زیاتر لە ٢٥%ی قوتابخانەکانی ئێران ناستانداردن و پێویستە بروخێندرێن و ئەو ڕووداوەی کە لە شیناوێ هاتە ئاراوە هەر لە ئەنجامی ناستاندارد بوونی قوتابخانەکەدا بوو.

هەر لەو سیمینارە دوو مافناسی دیکە بە ناوەکانی عیسا ئەمینی ئەندامی لێژنەی زانستی زانکۆی ئازادی ئیسلامی تاران و سەید قاسم زەمانی ئەندامی لێژنەی زانستی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی قسەیان کردووە.

ئەو دوو مافناسە باوەڕییان وابووە کە پێویستە ئەو قوتابیانە بە لەبەر چاوگرتنی یاسای هەموارکراوی ساڵی ١٣٩٢ی سزای ئیسلامی، قەرەبوو بکرێنەوە و ئەو یاسایە ئەرکی قەرەبووکردنەوە و بەدوادچوونی کێشەی قوتابیانی شیناوێ دەخاتە ئەستۆی دەوڵەتەوە.

رۆژی ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ٩١، ٣٧ کچە قوتابیی پۆلی ٤ی سەرەتایی قوتابخانەی کچانەی گوندی شیناوێی سەر بە پیرانشار بەهۆی تەقینەوەی سۆبەی نەوتیی پۆلەکەیان تووشی رووداوی ئاگر بوون کە ٢ کەسیان بەو هۆیەوە گیانیان لەدەست دا.