لەبۆکان کەسێک کە گومانی ئەندامیەتی ئیتلاعاتی لێدەکرا، کوژرا

16:55 - 5 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: بە پێی ئەو هەواڵ و زانیاریانەی کەبڵاو کراونەتەوە، ئەندامێکی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لەشاری بۆکان بەدەستی کەسانێکی نەناسراوەوە کوژراوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی چوارشەممە کاتژمێر ١١ی شەو کەسێک بە ناوی\"حەسەن عەلیپوور\" لەگەڕەکی جادە حەساری شاری بۆکان دراوەتە بەر دەستڕێژی گولـلە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار باسی لەوە کردووە، حەسەن عەلیپوور کە بە \"حەسەن بانەیی\" ناسرابوو لەناو ماشێنەکەی خۆیدا لەلایەن دوو سەرنشینی ماتۆرسکلێتێکەوە تەقەی لێکراوە.

عەلیپوور ماڵی لەجادە حەسار بوو و لەگەڵ براکەی لەفەلەکەی شارەکی بۆکان دووکانیان هەبوو و بە وتەی خەڵک سەرقاڵی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان بوون.

\"28491.jpg\"
تەرمی حەسەن بانەیی کە بەدەستی کەسانێکی نەناسراوەوە کوژراوە
هاووڵاتیانی شاری بۆکان باوەڕییان وایە کە ئەو کەسە یەکێک لەمۆرەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بووە و دەستی لەئازار و ئەزیەتی خەڵکیدا هەبووە و ئاشکراشیان کردووە کە لەشوێنی رووداوەکە ١٠ بۆ ١٢ پووکەی فیشەک دۆزراوەتەوە.

ژمارەیەکی دیکەی هاووڵاتیی ئەوەشیان خستووەتەڕوو، حەسەن بانەیی بە ئاشکرا سەرقاڵی بازرگانی بە مادە هۆشبەرەکان بوو و هیچ ناوەندێکی حکوومەتیش کاری پێی نەبوو.

هەتا بڵاوبوونەوەی ئەوە هەواڵە هیچ کەس و لایەنێک کوشتنی حەسەن عەلیپووری وەئەستۆ نەگرتووە.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەزاری خەڵکی شاری بۆکانەوە ئاشکرای دەکات کە حەسەن بانەیی کەسێکی خۆشناو نەبووە و تەنانەت زۆر جاران تەماحی لەژن و منداڵی خەڵکیشدا هەبوو و بە حوکمی ئەوەی پشتی بە ئیتلاعات ئەستوو بوو، کەس نەیدەوێرا لێی وەجواب بێت.

کەسێکی دیکەی دانیشتووی شاری بۆکان باسی لەوە کردووە کە ئەو \" ئەندامەی ئیتلاعات\" بەشێوەی سیستماتیک لەهەوڵی ئەوە دابوو کە لەرێگەی فرت و فێل و ئەو \"دەکە\"یەی کە لەشارەک داینابوو لاوەکان گیرۆدەی مادە هۆشبەرەکان بکات.

ناوەندە ئەمنیەتی ــ قەزاییەکانی شاری بۆکان هەتا ئیستا دژکردەوەیان بەهەواڵی کوژرانی حەسەن بانەیی نیشان نەداوە.