لەبانە کۆبوونەوەیەک بۆ پشتیوانی لەژینگە و ئاژەڵەکانی کوردستان بەڕێوە چوو

13:30 - 25 پووشپەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا: ئەندامانی کەمپەینی \" پشتیوانی لەکیسەڵەکان\" و ژمارەیەک ژینگەپارێز کۆبوونەوەیەکیان لە پیرمرای شاری بانە بۆ پشتیوانی لەئەو جۆرە ئاژەڵانەی کە لەئاگرکەوتنەوەی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان لەناو دەچن بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆبوونەوەکە ٢٣ی پووشپەڕ، لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەوزی پاژین لەپیرمرای شاری بانە بەرێوەچوو و تێیدا داوا لەخەڵک کراوە کە پشتیوانی لەکەمپەینی \"هاوخەمی لەگەڵ کیسەڵەکان\" بکەن.

دەوترێت کە کۆبونەوەکە بە مەبەستی مەحکووم کردنی ئەو ئاگرکەوتنەوانەی کە بە ئەنقەست روو دەدەن وەرێ خرابوو.

\"28186.jpg\"
ناساندنی ئەنجامدەرانی‌ئاگرکەوتنەوەکەن، هەوڵی زیاتری ستادی ئاگرکوژێنەوە، دابین کردنی ئیمکاناتی زیاتر و دانای بنکەی ئاگرکوژێنەوە، قەرەبووکردنەوەی زیانەکان، پێکهێنانی کۆمیتەیەکی زانستی ــ توژینەوەیی بۆ رووبەڕووبونەوەی ئاگرکەوتنەوەکان و هۆکارەکانی لەداوکارییەکانی ئەندامانی کەمپینەکە بووە.

رۆژانە هەواڵی ئاگرکەوتنەوە لەدارستان و ژینگەی کوردستان لەلایەن هەواڵنێرانی ئاژانسی کوردپاوە رووماڵ دەکرێن و سەرەڕای ئەوەی خەسارێکی جیددی بە دارستانەکان دەگات ژیانی گیانلەبەرانیش دەکەوێتە مەرترسییەوە.

هاووڵاتییان لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە شێوەی خۆڕسک لە کونتڕۆڵی ئاگرکەوتنەوەکە هەتا وەرێخستنی کەمپەین بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان چالاکیان هەیە.

نەبوونی کەرەستەی پێویست بۆ کونتڕۆڵی ئاگرکەوتنەوە لەزۆربەی ناوچەکانی کوردستان خەسارێکی قەرەبوونەکراوی بە ژینگەی کوردستان گەیاندووە.