لە ئەنجامی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکان، کۆڵبەرێک لە بەرزایی بەربووەوە

10:58 - 29 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، بەهۆی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە لە بەرزایی بەربووەوە و بەسەختی بریندار بوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی ڕەزبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ستار ڕەحیمنژاد"، کوڕی "محەممەد"، خەڵکی گوندی "دەرەکێ"، سەر بە شاری مەریوان، لە ئەنجامی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکان، لە بەرزایی بەربووەوە.

ئەو کۆڵبەرە کوردە، پاش بەربوونەوە لە بەرزایی، لاقێکی شکا و لە لایەن دانیشتووانی ناوچەکە، ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری مەریوان کرا.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی شەممە، ٢٧ی ڕەزبەر، دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی "بەهمەن چریک"، خەڵکی شاری مەهاباد و "خالید" خەڵکی شاری پیرانشار، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکومەت پێکران.