لە ئێراندا ١٣٦ هەزار منداڵی بە جێماو لە خویندن بوونی هەیە

14:51 - 17 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە بەرپرسانی حکوومەتی لە شاری دێهلوڕان سەر بە پارێزگای ئیلام باسی لە بوونی ١٣٦ هەزار منداڵی بە جێماو لە خوێندن لە ئێراندا کرد.

هەواڵدەریی \"مێهر\"ی ئیلام لە زاری جێگری خۆشبژیوی کۆمەڵایەتی وەزارەتی تەعاون بڵاوی کردەوە، کە لە ئێراندا ١٣٦ هەزار منداڵی بە جێماو لە خوێندن بوونی هەیە.

ئەحمەد میدری لە کاتی سەردانی بۆ شاری دێهلۆڕان ڕایگەیاند: یەکێک لە گرینگترین بەرنامەکانی ئەو ناوەندە حکوومەتییە ڕێکخستن و کۆکردنەوەی منداڵانی بەجێماو لە خوێندنە و زیاتر لە ١٣٦ هەزار منداڵی بە جێماو لە خوێندن لە ئێراندا بوونیان هەیە کە لەو ڕێژەیە ٢٠ هەزار منداڵ لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان ژیان بە سەر دەبەن.

ناوبراو هەروەها لە درێژەدا ڕایگەیاند: لە بەرنامەماندایە بە هاوکاری بێهزیستی و کۆمیتەی ئیمداد منداڵانی بە جێماو لە خوێندن ڕێک بخەین تاکوو بتوانن درێژە بە خوێندن بدەن.

هەروەها هەواڵدەریی \"ئیلنا\" بڵاوی کردووەتەوە کە،لەو ڕێژەیە ٤٩٪ کوڕەکان پێکی دێنن و کچەکانیش ٥١٪یان تەرخان کردووە بۆ خۆیان و زۆرترین ڕەدەی تەمەنی منداڵان لە نێوان ١٠ هەتا ١٢ ساڵ دەبن کە بێبەرین لە خوێندن و پشکی بەجێماوان لە خوێندن لە شارەکان زیاترە لە گوندەکان.

بەپێی بەرنامەی پێنجەمی پەرەپێدان، هەتا کۆتاییەکانی ساڵی ٩٤ی هەتاوی، دەبێت دیاردەی بێکاری لە ئێران بنبڕ بکرێت، بەڵام ڕێکخراوی بازرەسی گشتی وڵات لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە سەرەڕای ڕەوتی کەمکردنەوەی نەخوێندەواری ئێران، ٧٥ ساڵی دیکە دەتوانین نەخوێندەواری بنبڕ بکەین.