لە یەکەم شەوی ساڵدا لە شاری سنە ٣ لاوی کورد هەوڵی خۆکوژییان دا

17:00 - 4 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی کوردپا: لە یەکەم شەوی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا سێ لاوی کوردی تەمەن ١٨ هەتا ٢١ ساڵ بەهۆی کێشە کۆمەڵایەتی و بنەماڵەییەوە لە شاری سنە هەوڵی خۆکوژییان دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ شەوی هەینی رێکەوتی ١ی خاکەلێوە دوو خوشکی تەمەن ١٨ و ٢١ ساڵ بەهۆی کێشە خێزانییەوە هەوڵی خۆکوژییان داو لە ئەنجامدا کچێکیان گیانی لەدەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنە رایگەیاند، ئەو دوو کچە بەهۆی خواردنی حەبی برنج (فسفيدآلومينيوم) هەوڵی خۆکوژییان داوە و کچێکیان بەناوی \"عەسەل. م\" تەمەن ١٨ ساڵ، پاش گەیاندنی بۆ نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە گیانی لەدەست داوە.

یەکێک لە پەرستارانی نەخۆشخانەی تەوحید بۆ هەواڵنێری کوردپای ئاشکرا کرد؛ کچێکی دیکە بەناوی \"ئەسرا. م\" تەمەن ٢١ ساڵ بەهۆی خواردنی حەبی برنج جەرگی لەدەست داوە و هەنووکە لە بەشی \"ئای.سی.یوو\"ی نەخۆشخانە لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

دەگوترێت، دایک و باوکی \"ئەسرا و عەسەل.م\" لە یەک جیابوونەتەوە و لە کاتێکدا ئەو دوو کچە ویستوویانە سەردانی (پوور) خوشکی دایکیان بکەن، لەلایەن باوکیانەوە ئیزنیان پێنەدراوە و بەو هۆیەوە بە خواردنی حەبی برنج هەوڵی خۆکوژییان داوە.

هەروەها لەو شەوەداو لە رووداوێکی دیکەدا، کوڕێکی تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی شاری سنە، بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

ناوی ئەو لاوە کوردە \"شاهۆ\" و خەڵکی شاری سنە بووە، کە بەهۆی خواردنی حەبی برنجەوە لە یەکەم شەوی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا هەوڵی خۆکوژی داوە و لە ئەنجامدا پاش گەیشتن بە نەخۆشخانەی تەوحیدی ئەو شارە، گیانی لەدەست داوە.

هەروەها دەگوترێت، کەلە وەرزی زستانی ساڵی رابردوودا دوو لاوی دیکەی خەڵکی شاری سنە بەهۆی هەژاری و دەستکورتیی بنەماڵەییەوە، لە رێگەی هەڵبڕینی شادەماری دەستیانەوە کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە.