لە یەک ڕۆژدا دوو سەربازی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا

14:45 - 20 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: سەربازێکی کورد خەڵکی شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێ لە یەکێک لە پادگانەکانی شاری سەقز هەوڵی خۆکوژی دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٨ی خەرمانان، سەربازێکی کورد بە ناوەی \"ڕەزا فەرەجی\" خەڵکی شاری خۆی بەهۆی سزادانی لەلایەن فەرماندەی ئەو پادگانەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: ئەو سەربازە، ماوەی ١٦ ڕۆژە نەقلی ئەو پادگانە کراوە کە بەهۆی ئازار و تەمبێ کردنی لە لایەن فەرماندەی پادگانەکەوە لە کاتی نیگەهبانی خۆی کوشتووە.

ئەو سەرچاوەیە هەورەها بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: فەرماندەی ئەو پادگانە ئیزنی راپۆرت دانی خۆکوشتنی ئەو سەبازە کوردەی نەداوە و ئەو هەواڵە لە لایەن یەکێک لە هاوسەربازییەکانی ئەو سەربازە کوردە بە بنەماڵەکەی دراوە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها رایگەیاند: بەرپرسانی ئەو پادگانە ئامبوڵانسیان بەو بنەماڵە نەداوە تاکوو تەرمی کوڕەکەیان بۆ شاری خۆی ببەنەوە و ئەو بنەماڵەیە خۆیان ئامبوڵانسێکیان بە ١میلیۆن و ٢٥٠ هەزار تمەن بە کرێ گرتووە.

هەر لەو پەیوندییەدا، هەمان ڕۆژ، سەربازێكی کورد خەڵكی شاری شنۆ بە ناوی \"جەعفەر ئەحمەد تاش \" کە لە شاری مەرەند سەر بە پارێزگای تەورێز سەرباز بووە، بە شێوەی گوماناوی گیانی لەدەست داوە.