لە ئیلام بەشێک لە ئاسەوارێکی مێژووی بە پێشینەی ٧ هەزار ساڵ روخێنرا

13:42 - 15 سەرماوەز 2712
ئاژانسی کوردپا: لەبەر پڕۆژەی راکێشانی لوولە لە شاری ئیلام بەشێکی زۆر لە تەپۆڵکەیەکی مێژوویی ئەو پارێزگایە لەناو چووە.

هەواڵدەریی ئیسنا لە زاری \"ئەردەشیر جەوانمەرد\" خوێندکاری قۆناغی دوکتۆرای بەشی ئاسەوارناسی\"یەوە بڵاوی کردەوە، ئیدارەی کشتوکاڵی شاری ئیلام بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە ئیدارەی میراتی فەرهەنگی و گەشتیاریی ئەو پارێزگایە پڕۆژەیەکی کاناڵکێشیی دەست پێکردووە کە بەشێکی بەرچاو لە ئاسەوارەکانی \"چغا ئاهوان\" هەڵکەوتوو لە داوێنی چیای \"زاگرۆس\" رووخاون.

\"10023.jpg\"
ئەو خوێندکارە رایگەیاند: هەر لە سەرەتای ئەو پڕۆژەیەوە ئیدارەی کشتوکاڵ دەستی کردووە بە رووخاندنی ئەو تەپۆڵکەیە و گرینگترین بەشی ئەو تەپۆڵەکەیەیان رووخاندووە کە مێژووکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٥٥٠٠ ساڵ پیش زایین و بۆ ماوەی ٢٥٠٠ ساڵ شوێنی نیشتەجێ بوون مرۆڤ بووە و بە یەکێک لە کۆنترین شارەکانی ئێران دێتە ئەژمار.

ئەردەشیر جەوانمەرد ئاماژەی بەوەش دا: پانتایی ئەو شوێنە مێژوویە ٣٠ هێکتارە و نزیک بە ١ هێکتاری بە تەواوی وێران بووە و هیچ شوێنەوارێکی لێ نەماوەتەوە.

هەروەها لە درێژەی قسەکانیدا باسی لەوەش کردووە: بەشێک لەو ئاسەوارانە هەڵگری فەرهەنگ و چۆنیەتی ژیانی ئەو سەردەمە لە مێژووی مرۆڤایەتین، بەڵام بەهۆی کەمتەرخەمیی ئیدارەی میراتی فەرهەنگی و گەشتیاریی پارێزگای ئیلام ئەو ئاسەوارانە رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو لە ناوچوون دەچن.