لە کەمتر لە مانگێکدا بۆ دووەمین جار بەرپرسانی کاناڵە تێلێگرامییەکانی بانە، هەڕەشەیان لێ کرا

15:39 - 10 سەرماوەز 2721

 ڕووماڵکردنی هەواڵی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لەلایەن پەیجەکانی شاری بانە، لە ماوەی کەمتر لە یەک مانگدا بۆ دووەمین جار، بانگهێشتکردن و لێپرسینەوەی بەرپرسانی چەند پەیج و کاناڵی تێلێگرامیی لێ کەوتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی سەرماوەز، ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی کاناڵە تێلێگرامییەکان و پەیجەکانی شاری بانە کە هەواڵە ئابووری، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانی ئەو شارە ڕووماڵ دەکەن، لەلایەن ئیتلاعاتی سپا و پۆلیسی فەتای شاری بانەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار هۆکاری بانگهێشتکردنی بەرپرسانی ئەو پەیجانە بۆ ئیتلاعاتی سپا و پۆلیسی فەتای  شاری بانەی بۆ ڕووماڵکردنی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران، بە تایبەت هۆکاری گیانلەدەستدان و بریندارکرانی کۆڵبەرانی گەڕاندەوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "پۆلیسی فەتا هەڕەشە لە بەڕێوەبەران و هەڵسووڕاوانی ئەو پەیجانە کردووە کە لە ئەگەری باسکردنی هۆکاری کوژران و بریندارکرانی کۆڵبەران، ئیزنی چالاکی لە کاناڵە تێلێگرامییەکان و پەیجەکانیان پێ نادات".

ئەو سەرچاوەیە ناوی ئەو کاناڵە تێلێگرامی و پەیجانەی بەم چەشنە خستەڕوو: "پرسە و سەرەخۆشییەکانی بانە، بانە خەبەر، بانە ڕووداو و پرسەکانی بانە".

پێشتریش و لەو پەیوەندییەدا، نێوەڕاستی مانگی خەزەڵوەر، ئیدارەی ئیتلاعاتی بانە بەرپرسانی کاناڵی تێلێگرامیی ئەو شارەی پاش بڵاوکردنەوەی هەواڵی کوژرانی "محەممەد خودایی کانی‌سێف"، کۆڵبەری خەڵکی گوندی "کانی‌سێف" لە ئەنجامی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، بانگهێشت و هەڕەشەیانی لێ کردبوو.