لە کەمتر لە دوو حەوتوودا، دووهەمین هاووڵاتیی ئیلامی لە سێدارە درا

16:15 - 26 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری ئیلام لە یەکێک لە گۆڕەپانەکانی ئەو شارە جێبەجێ کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ٢٦ی خەرمانان، دەزگای قەزایی حکوومەتی ئێران لە شاری ئیلام حوکمی ئێعدامی هاووڵاتییەکی خەڵکی ئەو شارەی جێبەجێ کرد.

هەواڵدەریی مێهر لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: حوکمی ئێعدامی ئەو هاووڵاتییە کوردە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەگی بونیادی ١٥ی جۆزەردانی شاری ئیلام جێبەجێ کراوە.

بە پێی ئەو سەرچاوەیە، مانگی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو \"س.د\" پاش کوشتنی ژنێک بەناوی \"ف.ن\" ، لە سەر داوای بنەماڵەی کوژراوەکە لە سێدراە دراوە.

دەزگای قەزایی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست تاوانبار کردبوو و لە پێش چاوی خەڵکەوە ئێعدامی کرد.

هەر لەو پەیوەندییەدا، حەوتووی رابردوو٢١ خەرمانان لاوێکی تەمەن ٢٧ ساڵ بە ناوی\"ئەشکان قەنبەری\" خەڵکی شاری شائابادی پارێزگای کرماشان بە تۆمەتی کوشتنی دایک و کچێک لە سێدرا درا.

پێشتریش، ڕێکەوتی ١٤ خەرمانان، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری ئیلام بە ناوی\"عەقیل ناسری\"بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست کە بە ئێعدام مەحکووم کرابوو، لە گۆرەپانی ٢٢ی بەهمەنی ئەو شارە لە پێش چاوی خەڵکەوە لە سێدارە درا.