لە کوردستانی تورکیە گرژی و ئاڵۆزی هاتە ئاراوە

20:05 - 9 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای مانگرتنی زیندانیانی سیاسی کوردی تورکیە، ئەمڕۆ مانگرتن و خۆپیشاندانێکی بەرینی جەماوەری کوردستانی تورکیەی گرتەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی سبەی، پاش ماوەیەک لە دەستپێکی خۆپیشاندان لە زۆربەی شارەکاندا شەڕ و توندوتیژی لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا ساز بووە.

\"9592.jpg\"
\"جەماڵ جۆشکۆن\" نوێنەری بەدەپە لە هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی سبەی راگەیاندووە کە لە شارەکانی \"ئانکارا، ئامەد، گەڤەر و نسێبینو\" چەندین شار و ناوچەی دیکە گرژی لە نیوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا هاتۆتە ئاراوە.

ماڵپەڕی رووداویش لە هەواڵێکدا رایگەیاندووە کەلە درێژەی ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەدا بەهۆی گازی فرمێسک رێژی پۆلیسی تورکیەوە ماڵێک لە شاری ئامەد ئاگرئ تێبەر بووە.

هەروەها خۆپیشاندەران لەبەر دەرگای گرتووخانەی ئامەد کۆبوونەوە کە لەلایەن پۆلیسەوە هێرشیان کراوەتە سەر و لە ئەنجامدا گەنجێک بە سەختی بریندار و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.

\"9593.jpg\"
\"سەلاحەدین دمیرتاش\" هاوسەرۆکی بەدەپە لە نێوان خۆپیشاندەراندا ئامادە بووە و ویستوویەتی کە لەبەردەم ئەو گرتووخانەیە قسە بۆ جەماوەر بکات، بەڵام لەلایەن پارێزگاری ئامەدەوە پێشی پێگیراوە.

نوێنەری بەدەپە لە هەرێمی کوردستان، روونیشی کردۆتەوە، هەتا ئێستا ئەو گرژیە بەردەوامە، بەڵام دمیرتاش سوورە لەسەر ئەوەی لەبەردەم گرتووخانەکە لەگەڵ گرووپی بەدەپە لە پەرلەمانی تورکیە کۆ ببێتەوە. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە کۆبوونەوەکە دەبوا لە پایتەختی تورکیە و لەناو پەرلەماندا بەڕێوە چووبا.