لە کوردستان ڕۆژی جیهانیی منداڵان بەڕێوە چوو

19:38 - 18 رەزبەر 2715
ئاژانسی کوردپا: لە چەندین شاری کوردستانی ئێران، ڕۆژی جیهانیی منداڵان لە ژێر دروشمی( ئاشتی و دۆستی) بە ئەنجامدانی چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوە چوو.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، منداڵانی شارەکانی بۆکان، مەریوان و دەڕەشار، ڕێزیان لە ڕۆژی جیهانیی منداڵان گرتووە و بەو بۆنەوە کۆلارەیان هەڵداوە.

لە شاری بۆکان بەو بۆنەیەوە پیشانگای نیگارکێشیی منداڵان کراوەتەوە و لە لایەن کانوونی پەروەردە کردنی فیکریی منداڵان و مێرمنداڵانەوە ڕکابەریی نیگارکێشی بۆ منداڵان وەڕێ خراوە.

\"28789.jpg\"
لە شاری مەریوان وەکوو نەریتێکی ساڵانە، منداڵان بە ئامادە بوونی بنەماڵەکانیان لە دەشتی \" کۆڵان\" کۆڵارەیان هەڵداوە.

ئەو ڕێوڕەسمە بە هاوکاریی ناوەندی پەروەردەیی فیکریی منداڵان و بەشی تەندروستی و شارەوانیی مەریوان بەڕێوە چووە.

لە لایەکی دیکەوە، شاری دەڕەشاریش لە بەڕێوەبردنی ئەو بۆنەیە خەمسارد نەبووە و بە نیگارکێشی و هەڵدانی کۆڵارە، یادی ڕۆژی جیهانیی منداڵانیان کردووەتەوە.

ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی ٨ی ئۆکتۆبری وەکوو ڕۆژی جیهانیی منداڵان دیاری کردووە و لە هێندێ لە ‌وڵاتانی دیکەش، ئەو ڕۆژە جیاوازە. شایانی باسە لە وڵاتی ئێران ڕۆژی ١٧ی ڕەزبەر، وەکوو ڕۆژی جیهانیی منداڵان ڕاگەیەندراوە.