لە کرماشانەوە یەگانی تایبەتی رەوانەی شاری سنە کرا

22:20 - 29 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: نێو شاری سنە لە بەرەەری جەژنی نەورۆز و رێورەسمەکانی ساڵی نوێدا بە هێزێکی بەرچاو لە یەگانی تایبەت و هێزێکی زۆری ئەمنیەتی میلیتاریزە کراوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمرۆ ٢٩ی رەشەمە هێزە لیباس شەخسییەکان و یەگانی تایبەتیی حکوومتی ئیسلامیی ئێران، سەرجەم شەقام و شوێنە گشتییەکانی شاری سنەیان تەنیوە و نێو شاری سنەیان وەک پادگانی نیزامی لێکردووە.

هەواڵنێری ئاژانسی کوردپا رایگەیاند: کە پاشنێوەڕۆی ئەمڕۆ هێزێکی بەرچاو لە یەگانی تایبەت لە نێو شاری سنە جێگیر کراون و هەنووکە شاری سنە بەتەواوەی لە حاڵەتی حکوومت نیزامی دایە.

شاری سنە نزیک بە نیو میلیۆن کەس حەشیمەتی هەیە و نزیک بە تەوای دانیشتوانی ئەو شارە، هاوڵاتیانی کورد پێکی دێنن.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە چەندین حەفتە پێش ئێستاوە بە بانگهێشت و دەستبەسەر کردنی چالاکانی سیاسی و فەرهەنگی و مەدەنیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکان لە هەوڵی رێگرتن لە بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکانی نەورۆز دایە.

لە ماوەی ١ مانگی رابردوودا زیاتر لە ٦٠ هاووڵاتیی مەدەنی لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و هەندێکیان بە دانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کراون.

هەر لەو پەیوەندییەدا فەرماندەی هێزی ئینتزامی و بەرپرسانی ئەمنیەتی لە شارەکانی مەریوان، پیرانشار، بۆکان، پاوە، سەردەشت، نەغەدە، ماکۆ، سەڵماس و سایین قەڵا لەمەڕ بەڕێوەبردنی هەر جۆرە رێوڕەسمێک بەبۆنەی نەورۆزەوە هەرەشەیان لە هاووڵاتیان کردبوو.