لە کرماشان زیندانییەک ئیعدام کرا

15:09 - 24 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: گرتووخانەی دیزڵئاباد سزای لەسێدارەدانی دەزگای دادوەریی ئێران بۆ هاووڵاتییەکی کوردی جێبەجێ کرد.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی گەیشتوو بە هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو هاووڵاتییەکی کورد بەناوی \"محەممەدڕەزا سەمەدی‌نەسەب\" کوڕی \"فەرامەرز\" لە پەڕانپەڕی گرتووخانەی ناوەندیی کرماشان(دیزڵئاباد) ئێعدام کراوە.

ئەو لاوە تەمەن ٣٠ ساڵەیە لەلایەن دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە تۆمەتی \"کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر\"ـی وەپاڵ درابوو.

هەواڵنێری کوردپا لەزاری خزمێکی ئەو زیندانییەوە، گوتی: محەممەدڕەزا لە سێ ساڵ لەمەوبەرەوە خراوەتە گرتووخانە و خەڵکی گوندی \"قەلعەزنجیر\"ـی سەربە ناوچەی داڵاهۆ لە پارێزگای کرماشانە.

\"\"
محەممەدڕەزا سەمەدی‌نەسەب
دەوترێت ئەو هاووڵاتییە تا کاتی جێبەجێبوونی سزاکەی ئەو حوکمەی بە \"ناڕەوا و ڕەت\"ـی دەکردەوە.

هاوکات لەگەڵ جێبەجێکرانی ئیعدام لە کرماشان، سێ زیندانیی دیکەش لە ورمێ براونەتە ژووری تاکەکەسی و ئەگەری لەسێدارەدانیان لەئارادایە.

لەو بەستێنەشدا، هەواڵدەریی ئیلنا لە زاری وتەبێژی کۆمیسیۆنی قەزایی و حقووقی مەجلیسی ئیسلامی بڵاوی کردەوە کە؛ \"ئێعدام لە پێوەندی لەگەڵ سزای ماددەی هۆشبەر، بێجگە لە سێ حاڵەت، وەلادەنرێت.\"

ئامارە بڵاوبووەکان نیشان دەدەن کە لەساڵی ٢٠١٦دا، ٢٩٥ کەس بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتنی ماددەی هۆشبەر لە گرتووخانەکانی ئێراندا لەسێدارە دراون.