لە کرماشان دەیان کامێرای چاوەدێری بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی هاووڵاتییان دامەزرا+ وێنە

22:01 - 7 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئەمنیەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ زیاتر کۆنترۆڵ کردنی هاووڵاتییانی کرماشانی دەیان کامێرای چاوەدێرییان لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی شاری کرماشان دامەزراند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ماوەی چەندین رۆژە هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی شاری کرماشان بەشێوەیەکی بەرین دەستیان داوەتە دامەزراندنی کامێرای چاوەدێری و بەو شێوەیە جموجۆڵی هاووڵاتیانی ئەو شارە چاوەدێری دەکەن.

چاوەدێرانی سیاسی لەسەر ئەو باوەڕەن، هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە مەبەستی پێشگیری کردن لە سەرهەڵدان و ناڕەزایەتیی خەڵکی ئێران لە بەرەبەری هەڵبژاردنەکاندا، باری ئەمنیی سەرجەم شارەکانی ئێران چڕتر دەکەنەوە.

هەروەها ساڵی ١٣٨٨ بەهۆی رووداوەکانی پاش هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران، رێژەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی ناڕازی لە رێگەی کامێراکانی چاوەدێریی هێزە ئینتزامییەکانەوە ئاشکرا بوون و دەستبەسەر کران،کە دواتر بەرووی ئەشکەنجە بوونەوە کە بەو هۆیەوە چەندین کەسیان گیانیان لە دەست دا.

پێشتریش هێزە ئینتزامییەکان لە زۆربەی شارە کوردنشینەکانی ئێران بەبیانووی چوونەسەرێی رێژەی تاوان لە شەقام و شوێنە گشتییەکان، دەیان کامێرای چاوەدێرییان دامەزراندبوو.

لەلایەکی دیکەوە ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە بیانووی ساڵڤەگەڕی شۆڕشی ساڵی ٥٧، لە شارەکانی \"بانە، روانسەر، سنە، مەریوان، جوانڕۆ و کامیاران\" لە شوێنە گشتیی و خاڵە سەرکییەکانی ئەو شارانە دەیان کامێرای چاوەدێرییان دامەزراندبوو.

\"12956.jpg\"

\"12960.jpg\"

\"12958.jpg\"

\"12959.jpg\"