لە کامیاران یادی ئوستوورەی لەخۆبردوویی بەرز راگیرا+وێنە

14:14 - 18 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: لە رێوڕەسمێکدا لە شاری کامیاران، یادی گیان لەدەستدانی قوتابییەکی لەخۆبردووی کوردی خەڵکی ئەو شارە بەرز راگیرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ساڵڤەگەری گیان لەدەستدانی حامید فەریدی قوتابیی کوردی تەمەن ١١ ساڵەی خەڵکی کامیاران، کە ١٤ ساڵ پێش ئێستا چیرۆکێکی لەخۆبردوویی و قارەمانانەی خولقاند، رێوڕەسمێک بەڕێوەچوو.

ئەو ریوڕەسمە کە رۆژی چوارشەممە و بە بەشداریی لێپرسراوانی ئیدارەی پەروەردە لە شاری کامیاران بەڕێوەچوو، تییادا پەیامی (عەلی محەمەدیان) مامۆستای کوردی قوتابخانەی شێخ شەڵتووتی شاری مەریوان، لەلایەن عابدین حەمیدی، خاڵۆی حامید فەریدییەوە خوێندرایەوە.

لەو رێوڕەسمەدا، باوک و دایکی حامید فەریدی بە پیدانی لەوحی رێزلێنان، رێزیان لێگیرا و لە کۆتاییشدا بەشدارانی رێورەسمەکە چوونە شوێنی رووداوەکەو ئەو شوێنەیان گوڵباران کرد.

حامید فەریدی، لە رێکەوتی ١٠ی رێبەندانی ساڵی ١٣٧٩دا و لە کاتێکدا لە قوتابخانەوە بەرەو ماڵەوە دەگەڕایەوە، ٣ کەس لە هاورێ قوتابییەکانی خۆی بەناوەکانی (بێهنام سادقی، هادی فازڵێ و ئارەش کەمانگەر) لە نێو چاڵە سەهۆڵی چۆمی بەر قوتابخانەکایان گیریان کردبوو، کە بوێرانە هەر سێکیانی لە ئاوەکە هێنایە دەرەوەو لە مەرگ رزگاری کردن، بەڵام بۆخۆی کەوتە نێو چۆمەکە و خنکا.

لە دوایین رۆژەکانی ساڵی ١٣٧٦ی هەتاویدا، مامۆستای قوتابخانەی گوندی ئەڵک بەناوی ئەدهەم موزەفەری، گیانی کچە قوتابییەکی خۆی لە مەرگ رزگار کرد، کە کەوتبوویە نێو لافاوی چۆمی (کام) لە گوندی ئەڵک و سەرئەنجام بۆخۆی لە لافاوەکەدا خنکا.

خەڵکی ناوچەی کامیاران، گیانبازی و لەخۆبردوویی حامید فەریدی بۆ دەرس وەرگرتن لە ئەدهەم موزەفەری، مامۆستای کوردی قوتابخانەی گوندێ ئەڵک دەگەڕێنەوە، کە گیانی کچە قوتابییەکی خۆی بەناوی شەهێن فەریدی لە مەرگ رزگار کرد.

ئارام. ح
وێنە: عابدین حەمیدی
\"24607.jpg\"

\"24608.jpg\"

\"24609.jpg\"

\"24611.jpg\"

\"24612.jpg\"