لە کارتون و گۆڕ خەوییەوە بۆ بیابان خەوی

14:12 - 18 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: پاش پەنا بردنە بەر کارتون و گۆڕ بۆ حەوانەوە، ئەمجارە نۆرە گەیشتە کەپرە نایلونییەکان و هاووڵاتییان هەژار، ڕوو لە بیابانەکان دەکەن.

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، زیاتر لە ١٠ بنەماڵەی کۆچکردوو لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، بە هۆی نەبوونی شوێن و جێگایەک بۆ حەوانەوە ڕوویان لە چۆڵەوانییەکانی دەورووبەری شاری تاران کردووە.

بەپێی راپۆرتی کەمپینی چالاکانی بەلووچ، ئەو ١٠ بنەماڵەیە لەهەر چەشنە ئیمکاناتێکی سەرەتایی وەک ئاو، کارەبا و تەنانەت مەرجەکانی تەندرووستی، بێبەرین و سەرەڕای سارد و سۆڵەی وەرزی زستان، تەنانەت کەرەستەی خۆ گەرەم کردنەوەشیان نییە.

ئەو سەرچاوەیە لە زاری یەکێک لە دانیشتوانی کەپەرە نایلوونییەکان بڵاوی کردەوە، هۆکاری کۆچ کردنی ئەو هاووڵاتییانە، نەبوونی هەلی کار لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان بووە.

دەگوترێت، هەتا چەند مانگ پێش نزیک بە ١٠٠ بنەماڵە لە وەها بارودۆخێکدا ژیانیان بە سەر دەبرد، بەڵام زۆربەیان بە هۆی هەڵسوکەوتی نەشیاو لەگەڵیان، لەو شوێنانە ڕایانکردووە و ڕوویان لە شوێنەکانی دیکە کردووە.

ئەو بنەماڵانە ماوەی ٧ ساڵە لە چۆڵەوارییەکانی بیابانەکانی \"شەهریار\" لە ئاقاری تاران دەژین و کۆمەڵێکی بەرچاو منداڵ و مێرمنداڵیان تێدا بەرچاو دەکەویت، کە بە هۆی هەژاری و دەستکورتییەوە لە خوێندن بێبەشن.

هەروەها هێندێک لەو هاووڵاتییانە ناسنامەیان نیە.

هەر لەو پەیوەندییەدا مانگی ڕابردوو، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی سەبارەت بە دۆخی نالەباری هاووڵاتییانی بەلووچ، کە سەدان منداڵ، پیر و لاوی دانیشتووی \"شەهریار\" و \"قەڵای حەسن خان\"ی پارێزگای ئەلبورز تێیدا بەشداربوون، داویان لە نوێنەرانی مەجلیس کرد کێشەی ناسنامەی هاووڵاتییانی بەلووچ لە سیستان و بەلووچستان، مەشهەد، گورگان و شوێنەکانی دیکەی ئێران چارەسەر بکەن.