لە ژێر ئەشکنجەی ئیتلاعاتی سنە لاوێکی خەڵکی ئەو شارە کوژرا

13:35 - 24 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری سنە بە کوژراوی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا؛ ئەمە چوارەمین هاووڵاتییە کە لە ژێر ئەشکەنجەی هێزە ئیتلاعاتییەکان گیانی لە دەست داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدریی کوردپا، هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنە، پاش دەسبەسەر کردنی لاوێکی خەڵکی ئەو شارە بەناوی \"سارۆ قارەمانی\" تەمەن ٢٤ ساڵ، شەوی ٢٢ی بەفرانبار، بە کوژراوی تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکەنەوە.

ئەو لاوە کوردە، کە ماوەی ١١ ڕۆژ لەمەوپێش لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سنەوە دەسبەسەر کرابوو، شەوی ڕابردوو تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە.

ناوبراو پێشتریش بۆ ماوەی یەک ساڵ و نیو، لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا بە تۆمەتی سیاسی دەسبەسەر بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: لە سەر جەستەی ئەو لاوە کوردە شوێنی ئازار و ئەشکنجە دیار بووە و هێزە ئیتلاعاتییەکان هەروەها بە بنەماڵەی سارۆیان گوتووە، نابێت لەگەڵ هیچ ڕاگەیاندنێکدا، وتووێژ سەبارەت بەو ڕووداوە بکەن.

بە کوشتنی ئەم لاوە کوردە ئەمە پێنجەمین هاووڵاتیی لە ئێران و کوردستانە کە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئێران لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەدا، گیان لە دەست دەدات.

هەتا ئێستا، هیچ بەرپرسێکی حکوومەتی سەبارەت بە شێوەی گیان لە دەستدانی سارۆ قارەمانی، لێدوانی نەداوە.

پێشتریش، ڕۆژی ٢٠ی بەفرانبار، هاووڵاتییەکی شاری ئەهواز بە ناوی \"ئاریا ڕووزبەهی بابادی\" کوڕی ئەکبەر، پاش دەسبەسەر کران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە، تەرمەکەی لە ڕووباری کاروون دۆزرایەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، بەرپرسانی حکوومەتی ئێران باسیان لە خۆکوژی سێ هاووڵاتیی دەسبەسەرکراو لە زیندانەکانی ئێران کردبوو.