لە ژێر گوشاری ئیتلاعات نەورۆزی ئەمساڵ لە گوندی پاڵنگان هەڵوەشایەوە

14:01 - 16 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: لە ژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران، ڕێوڕەسمی نەورۆز لە گوندی پاڵنگان هەڵوەشایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، وەکوو نەریتی ساڵانی پێشوو، هاووڵاتییانی گوندی پاڵنگان، ئامادەکاریان بۆ بەرێوەچوونی نەورۆزی ئەمساڵ لەو گوندە کردبوو، کە لە ژێرگوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران، ئەو ڕێوڕەسمەیان هەڵوەشاندەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: هەموو ساڵێک دانیشتووانی گوندی پاڵنگان، لە ڕۆژانی ٥ و ٦ی ڕەشەممە، ڕێوڕەسمی جێژنی نەورۆز لەو گوندە بەڕێوەدەبەن و بە پێشوازی ساڵی نوێی کوردییەوە دەچن و بەڵام ئەمساڵ ئەو ڕێوڕەسمە بۆ ڕۆژانی ٢٨ی ڕەشەممە یان ٤ و ٥ی خاکەلێوە، دواخرا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: سەرەڕای دواخستنی نەورۆزی ئەمساڵ لە گوندی پاڵنگان، دانیشتووانی ئەو گوندە، لە حاڵی ئامادەکاری بۆ ئەو ڕێوڕەسمە بوون، کە دواتر موڵەتی بەڕێوەچوونی نەورۆزی ئەمساڵ لەو گوندە نەدرا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، پاش ڕاوێژکردن هاووڵاتییانی گوندی پاڵنگان لەگەڵ شۆرای ئەو گوندە، بۆ بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە، موڵەتی پێنەدرا و هەڵوەشایەوە.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، لە زاری یەکێک لە نزیکانی ئەندامانی شۆرای ئەو گوندە، ڕایگەیاند: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری کامیاران،بە ئەندامانی ئەو شۆرایە ڕاگەیاندووە، بە هۆی نەبوونی ڕێوشوێنی پێویست بۆ مێوانەکان،بارودۆخی خرابی ئەو گوندە، ئەو ڕێوڕەسمە بەڕێوەناچێت.

لەو بارەیەوە، کاناڵی تێلگرامی نەوڕۆزی پڵنگان بڵاوی کردووەتەوە، کە هاووڵاتییان بە هۆی ئاژەڵداری، نەبوونی ڕێوشوێن بۆ مێوانەکان و هەروەها خرابی ڕێگا و بانەکانی ئەو گوندە، نەورۆزی ئەمساڵ، لە گوندی پاڵنگان بەرێوەناچێت.