لە چەند رۆژی داهاتوودا لێپرسراوی شارەوانیی كرماشان، دیاری دەكرێت

15:07 - 19 سەرماوەز 2711
كوردپا: لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی شارەوانیی شاری كرماشان، كەسێك وەكوو لێپرسراوی شارەوانی ئەو شارە دیاری دەكرێت.

مازیار رەزایی وتەبێژی ئەنجومەنی شۆرای شارەوانیی كرماشان رایگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا سێ‌ كەس وەكوو بەربژێری پۆستی لێپرسراوی شارەوانی دەست نیشان دەكرێن و لە ئەنجامدا لە نێوان ئەو سێ‌ كەسەدا، كەسێك وەكوو لێپرسراوی گشتیی دیاری دەكرێت.

بە وتەی رەزایی، لە نێوان ئەو حەوت كەسە بە ناوەكانی، مێهرداد سالاری، عەلی حەیدەر كەرەمی، پەیمان قوربانی، فەرەج ئەفغانی، محەممەد رەزا ئەحمەدی، محەممەد وسەەق و رەزا رەحیمی ، سێ‌ كەس وەكوو كاندیدی پۆستی لێپرسراوی شارەوانی كرماشان هەڵدەبژێرێن.

مازیار رەزایی لە لێدوانێكدا بۆ هەواڵدەریی ئیرنا ئاشكرای كردووە، نەبوونی لێپرسراوی گشتیی شارەوانی ئەو ناوەندەی لەگەڵ كێشە بەرەوڕوو كردووە و بە پلەی یەكەم هاووڵاتییانی شاری كرماشانن لەم پرسەدا زەرەرمەند دەبن.

رەزایی وتیشی، سەرمایەدارەكان لە كاتی نەبوونی لێپرسراوێكی دیاریكراو حازر بە واژۆ كردنی گرێبەستی سەرمایەگوزاری نین.

ئەندامانی شۆرای شاری شاری كرماشان رێكەوتی 7‎ی پووشپەڕی ئەمساڵ \"ئەمیر رەحمەتی\"یان وەكوو لێپرسراوی كاتیی شارەوانیی كرماشان هەڵبژارد.