لە چارەنووسی کۆڵبەرێکی کورد هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نیە

21:08 - 18 خاکەلێوه 2716
ئاژانسی کوردپا: پاش تێپەڕینی چوار مانگ لە دەستبەسەر کردنی کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی شاری بانە، چارەنووسی ئەو کاسبکارە کوردە بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چارەنووسی لاوێکی کورد بە ناوی \"پشتیوان نەهرۆیی\" خەڵکی گوندی \"ئارمردە\" ی شاری بانە، پاش دەستبەسەر کردنی لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە هێشتا ناڕوونە.

\"\"هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە ڕاگەیاند: ئەو کۆڵبەرە کورد لە ڕێکەوتی ٢٥ی سەرماوەز ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر و تا ئێستا هیچ زانیارییەک کە شوێنی ڕاگیرانی لە بەردەستدا نیە.

هێزە ئەمنیەتییەکان، پشتیوان نەهرۆییان بە تۆمەتی \"هاوکاری و پەیوەندیی \"لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران تاوانبار کردووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: پێش لە دەستبەسەر کردنی پشتیوان، هێزە ئیتلاعاتییەکان چەند جارێک ناوبراویان بانگهێشتی ئەو ئیدارە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ کردووە.

هەتاکوو ئێستا بنەماڵە و نزیکانی نەهرۆیی هەوڵەکانیان بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان بێ ئاکام ماوەتەوە.