لە چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە

10:51 - 12 خەزەڵوەر 2719

ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری سنە پاش دەسبەسەرکرانی، چارەنووسی ناڕوونە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چارەنووسی هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "فەرهاد تاری مواردی"، پاش دەسبەسەرکرانی ناڕوونە و ئەمەش نیگەرانیی بنەماڵەکەی لێکەوتووەتەوە.

ئەو لاوە کوردە، ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی ڕەزبەر، لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە ڕۆژئاوا لە شاری سنە دەسبەسەر و هەتا ئێستا لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو لاوە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری بووە.

هەتا ئێستا بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەو لاوە کوردە بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کوڕەکەیان، بێئاکام ماوەتەوە.