لە پێناو نان، دوو کۆڵبەری دیکە بە تەقەی هێزە نیزامییەکان بوونە قوربانی

13:15 - 26 بەفرانبار 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو کۆڵبەری کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی قوتوور لە سنووری شاری خۆی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی کوژران و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی ڕابردوو، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی قوتووری شاری خۆی، دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی و لەو پەیوەندییەدا، کۆڵبەرێکی گیانی لە دەستداو کۆڵبەرێکی دیکە بە سەختی بریندار بوو.

شوناسی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردە بە ناوەکانی \"عەبدوڵلا یووسفی\" کوژراو، و \"ئیحسان خالیدی\" بریندار، خەڵکی گوندی \"ڕازی\" ناوچەی قوتوور ڕاگەیاندراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە نیزامییەکان بەبێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو دەستڕێژیان لەو کۆڵبەرە کوردە کردووە و لە ئاکامدا، قوربانی بوونی ئەو دوو کۆڵبەرە کوردەی لێکەوتەوەتەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە، عەبدوڵلا یووسفی گوللەیەک لە سەری دراوە و دەسبەجێ گیانی لە دەست داوە و هەروەها، ئیحسان خالیدی، بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی شاری ورمێ کراوە.

لەو پەیوەندییەدا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی بەفرانبار، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"نامیق غۆلامی\" خەڵکی \"گوندی خۆریاوا\" لە سنووری هەنگەژاڵی بانە بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران گیانی لە دەستداوە و دوو کۆڵبەری دیکە بە ناوەکانی \"کارزان ئەمین‌زادە\" خەڵکی گوندی \"خۆریاوا\" و \"جەبار ئەحمەدی\" خەڵکی گوندی \"کانی سوور\" بە تۆندی بریندار بوون.

لەلایەکی دیکەشەوە، چەند ڕۆژ لەمەوبەر، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی \"سیروان حەسەن‌زادە\" تەمەن ٢٥ ساڵە خەڵکی سەردەشت لە سنووری ئەم شارە بە هۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران بریندار بووە و بۆ چارەسەری پزیشکی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان ڕاگوێزراوە.