لە پیرانشار کۆڕێکی شێعر و رەخنەیی بەڕێوەچوو

20:48 - 10 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٩ی رەشەممە ئەنجومەنی ئەدەبیی چرای پیرانشار بە ئامادە بوونی کۆمەڵێکی بەرچاو لە شاعیرانی کورد، کۆڕێکی شێعر و رەخنەی بۆ عەلی حوسێنی شاعیری خەڵکی سەقز، بەڕێوە برد.

یەکێک لە رێکخەرانی ئەو کۆڕە شێعری و رەخنەییە لە لێدوانێکی تەلەفوونیدا بە ئاژانسی کوردپای رایگەیاند: ئەو کۆڕە بە مەبەستی ساز دانی کەش و هەوایەکی رەخنەیی و سەردەمیانە و نزیک کردنەوەی بیروڕای شاعیران، لەلایەن ئەنجومەنی ئەدەبیی چرای پیرانشارەوە رێکخرابوو.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی چرای پیرانشار رایگەیاند: ئەنجومەنی ئەدەبیی چرا بە مەبەستی هەرچی زیاتر ناساندنی کاری نوێی شاعیرانی خاوەن ئەزموون و هەروەها رێز لێنان لەو شاعیرانە لەسەر پێکهێنانی ئەو چەشنە کۆڕانە بەردەوام دەبێت.

\"11310.jpg\"
لە بڕگە جیاجیاکانی ئەو کۆڕە شێعرییەدا چەند پرسیاری ئەدەبیی ئاراستەی عەلی حوسێنی کران و دواتریش ئامادەبوان بە دەربڕینی بیروڕای خۆیان بەشدارییان لەو کۆڕەدا کرد و ئەمەش بووە هۆی سازبوونی کەشێکی دیالۆگی ئەدەبی لە نێوان ئامادە بواندا.

لە دوایین بڕگەی ئەو کۆڕەدا ئەنجومەنی ئەدەبیی چرا بە مەبەستی رێزلێنان لە تەمەنێک لە هەوڵ و تێکۆشانی عەلی حوسێنی لە بواری فەرهەنگ و شێعری کوردیدا، لەوحێکی رێزلێنانی پێشکەش بەو شاعیرە کوردە کرد.

عەلی حوسێنی لە دایکبووی ساڵی ١٣٥١ی هەتاویی شاری سەقزە و نزیک بە ٢٠ ساڵە لە بواری شێعر و ئەدەبی کوردیدا کار دەکات و چەند ئەزموونی شێعریی خۆی وەک: \"ئێوارەکە\" و \"دەروازەکە\" چاپ و بڵاو کردۆتەوە.