لە پیرانشار سێیەمین فێستیڤاڵی شێعری هاوچەرخی كوردی بەڕێوە دەچێت

15:09 - 11 خەزەڵوەر 2712
ئاژانسی كوردپا: پاش یەك ساڵ راوەستان، بڕیارە لە زستانی ئەمساڵدا ئەنجومەنی ئەدەبیی \"چرا\" لە پیرانشار سێیەمین خولی فێستیڤاڵی شێعری هاوچەرخی كوردی بەڕێوە ببات.

رەسووڵی بەرپرسی ئەنجومەنی ئەدەبیی \"چرا\" لە پیرانشار لە لیدوانێکدا بۆ هەواڵدەریی کوردپا رایگەیاندووە، ئەو ئەنجومەنە بە تەمایە لە ناوەڕاستی مانگی رەشەمەی ئەمساڵدا بە بانگهێشتی شاعێر، ئەدیب، نووسەر و توێژەرانی كورد، سێیەمین خولی فێستێڤاڵی شێعری هاوچەرخی كوردی بەڕێوە ببات.

\"9615.jpg\"
فێستیڤاڵی شێعری هاوچەرخی كوردی كە بە هەوڵ و تێكۆشانی ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبیی \"چرا\" لە پیرانشار و یارمەتیی چالاكانی ئەدەبیی دیكەی كورد لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران لە ساڵی 1388ەوە دەستی پێكردووە، ساڵی 1390 بەهۆی تەگەرە و لەمپەر سازكردن لەلایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامیی پیرانشارەوە، پێش بە بەڕێوە چوونی گیرا.

فێستیڤاڵی شێعری هاوچەرخی كوردی لە ماوەی دوو خولی پێشوودا بە تێڕوانینێكی \"9616.jpg\"
نوێ‌بۆ شێعر و ئەدەبی كورد و بە هێنانەگۆڕ و هەمدیس بووژانەوەی رەخنەی هاوچەرخی كورد لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران توانی جموجۆڵێكی تازە لەناو كۆمەڵگەی ئەدەبی لە كوردستانی ئێران رێك بخاتەوە.

لە خولی سێیەمی فێستیڤاڵی ئەمساڵیشدا سێ تەوەری سەرەکی \" ئازاد، تایبەت و وتار\" بۆ بڕگە و پانێلەکانی فێستیڤاڵ دەست نیشان کراون کە لە بەشی وتاردا بەشداربوان دەتوانن بابەتەکانی وەک: \"بەراوردی شێعری کوردی لەگەڵ شێعری فارسی، شێعری هاوچەرخی کوردی و پێگەی لە ناوچە جیاجیا کوردنشینەکان و خەسارناسیی شێعری کوردی\" وتارەکانی خۆیان رەوانەی دەبیرخانەی فێستیڤاڵ لە پیرانشار بکەن.