لە پارێزگای سنە ١٥٠ هەزار بێکار بوونیان هەیە

15:30 - 8 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: بێکاری و نەبوونی کار لە پارێزگای سنە یەکێک لە کێشەکان و دیاردەکانی سەرەکیی ئەو پارێزگایە بە ئەژمار دێت کە هاووڵاتییان لەگەڵی بەرەڕوون و بە هاتنی شەپۆلێکی دیکە لە بێکارانی دەرچووی زانکۆ، ڕۆژ لە دوای ڕۆژی بێکارانی ئەو شارە ڕوو لە زیاد بوون دەکات.

هەواڵدەریی تەسنیمی کۆماری ئیسلامی لە پارێزگای سنە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە کە،١٥٠ هەزار بێکار لە پارێزگای سنە بوونیان هەیە و زۆرێک لە دەرچوانی زانکۆش لە ڕیزی بێکارەکانی ئەو پارێزگایەدان.

ئەو ماڵپەڕە حکوومەتییە بە ئاماژە کردن بە دروشمی ساڵی ٩٦ نوسیوویەتی: پێویستە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی بۆ دەستەبەر کردنی دروشمی ساڵی ٩٦ و لابردنی کێشەی کار هەست بە بەرپرسایەتی بکەن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، ئەمڕۆکە دۆزینەوەی کارێک کە شیاو لەگەڵ وانە و ڕشتەی خوێندنی دەرچووانی زانکۆ بێت زۆر دژوارە؛ لە پارێزگای سنەدا کەسانێکی بێکار هەن کە خوێندنی باڵایان تەواو کردووە و تەنانەت لە ئاستی دوکتورادان بەڵام بێکارن.

ئەو هەواڵدەرییە حکوومەتییە لەو ڕاپۆتەدا ئاماژە بەوە دەکات کە، بێکاری لە پارێزگای سنە هاوار دەکات و دەرچوانی زانکۆ لە دوخێکی نالەباردان و دەبێ بەرپرسانی حکوومەتی هەلی کار، پیشە و بەرهەم هێنان لەو پارێزگایە برەخسێنن و چارەیەک بدۆزنەوە.

پێشتریش نوێنەری شارەکانی سنە، کامیاران و دیواندەرە لە مەجلیسی شوورای ئیسلامیی ئێران ڕەخنەی لە ئاماری بێکاری و نەبوونی هەلی کار بۆ لاوان و دەرچووانی زانکۆ کردبوو.

سەید ئەحسەن عەلەوی هەروەها گوتبووی: بەهای ١٨ هەتا ٢٢% بانکەکان چەندین کێشەی لە ئێراندا دروست کردووە و سەرەڕای دروست کردنی هەڵاوسان و مەندی، کەسانێک کارگەکانی خۆیان داخستووە و هەتا دەسمایەی خۆیان لە بانکەکان هەڵبگرن و لە بەهای ئەو پارەیە قازانج بکەن.

بەشێک لە چاوەدێرانی کاروباری ئێران و چالاکانی ئابووریی ئێران پێیان وایە ئەم ئامارانە کە ناوە بە ناوە لە هەواڵدەرییەکانی ئێراندا بلاو دەکرێتەوە دوورن لە ڕاستی و ئاماری ڕاستەقینە گەلێک لەو ڕێژەیە زیاترە کە حکوومەت دەیدرکینێ.