لە وڵاتی یوونان، دەرهێنەرێکی کورد خەڵاتی باشترین دەرهێنەریی بە دەست هێنا

14:53 - 24 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: خەڵاتی باشترین دەرهێنەریی لە فێستیڤاڵی \"بیگ بەنگـ\"ـی وڵاتی یوونان، بە دەرهێنەرێکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان بەخشرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، \"پەرویز ڕۆستەمی\" دەرهێنەری کوردی خەڵکی شاری مەریوان، خەڵاتی باشترین دەرهێنەریی فێستیڤاڵی \"بیگ بەنگ\" لە وڵاتی یوونان، بە فیلمی \"مترسک‌ها هم می‌میرند\"، بۆ خۆ مسۆگەر کرد.

\"\"پەرویز ڕۆستەمی
لەو فێستیڤاڵەدا، کێبڕکێی لە نێوان ٤٠ کورتە فیلم ئەنجام درا و لە کۆتاییدا ١١ کورتە فیلم هەڵبژێردرا.

کورتە فیلمی \"داهۆڵەکانیش دەمرن\"، لە ٧٠ سینەمای وڵاتی یوونان، پیشان دەدرێت و داهاتی ئەو کورتە فیلمەش بە سازکەرانی ئەو کورتە فیلمە دەدرێت.

ڕۆستەمی سەبارەت بەو کورتە فیلمە ڕایگەیاند: \"چیرۆکی ئەو کورتە فیلمە لە چیرۆکە ڕاستییەکان وەرگیراوە، کە سیناریوەکەی باس لە شایەک دەکات، کە بە هۆی بوردمانەوە بووک و زاوا گیانیان لە دەست دەدەن و ئەو شایەش لەگەڵ ڕوودانی ئەو ڕووداوە دەبێتە بیرەوەریەکی تاڵ بۆ دایک و باوکی بووک و زاوا\".