لە وڵاتی هۆلەند هێرش کرایە سەر ئەندامێکی حیزبی دێموکرات

12:42 - 31 جۆزەردان 2720

ڕۆژی هەینی ٣٠ی جۆزەردان، لە وڵاتی هۆلەند بە چەقۆ هێرشی کرایە سەر "سادق زەرزا" ئەندامی پێشووی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بریندار کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەیەکی هۆلەندی، ئەو ئەندامەی حدکا، بە زیاتر لە ١٥ زەربە چەقۆ بریندار کراوە و ئەگەری هەیە ئەو هێرشە "پاڵنەری سیاسیـ"ـی بووبێت.

هاوکات ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، ڕایگەیاند: "كه‌سێک به‌ ناوی ڕ. پ خه‌ڵكی شنۆ كه‌ گوایه‌ بۆ خوێندن و ده‌وره‌ی پسپۆڕیی پزیشكی له‌ هۆله‌ند بووه‌، پێوه‌ندیی به‌ هاوڕێ سادق زه‌رزا ده‌كات و داوای چاوپێكه‌وتن و ڕێنوێنیی لێ ده‌كات. كاک سادق زه‌رزا كه‌ ده‌ڕواته‌ شوێنی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ و به‌ ده‌سته‌ گوڵێكه‌وه‌ ده‌چێته‌ لای، كه‌سی ئاماژه‌پێكراو به‌ چه‌قۆ هێرش ده‌كاته‌ سه‌ری و چه‌ند چه‌قۆ له‌ سینگ و  له‌شی کاک سادق ده‌دات".

 ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە  درێژەی ئەو هەواڵەدا ڕایگەیاندووە کە كه‌سه‌ هێرشبه‌ره‌كه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی هۆله‌نده‌وه‌ ده‌سبه‌سه‌ر كراوه‌.

"سادق زه‌رزا" ئه‌ندامی پێشووی ڕێبه‌ریی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، خەڵکی شاری شنۆیە و هەنووکە لە وڵاتی هۆلەند نیشتەجێیە.